کانونی یه‌که‌م 10, 2018 18:25 Asia/Tehran
  • پێداگریی وەزیرانی دەرەوەی ئوروپا لەسەر گرینگیی پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئوروپایی جەختیان کرد، ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران بۆ ئاسایشی ئوروپا گرینگ و زەروریە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "هایکۆ ماس" وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ئەمڕۆ دووشەممە لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئوروپایی لە بروکسل وتی کە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران بۆ ئاسایشی ئوروپا گرینگە.

"دیدیە رەیندرز" وەزیری دەرەوەی بەلژیکیش لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە وتی: هەوڵ دەدەین لە جێ بەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرەوپێشەوە هەنگاوهەڵبگرین.

وەزیرانی دەرەوەی بیست و هەشت وڵاتی ئوروپایی، ئەمڕۆ دووشەممەلە بروکسل کۆبوونەوە هەتا لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی(بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش) و چۆنیەتی جێ بەجێ کرانی میکانیزمی تایبەتی دراڤیی ئوروپا لە چوارچێوەی درێژەپێدانی هاوکارییە ئابووریەکان لەگەڵ ئێراندا، ڕاوێژ بکەن.

سەرباری تەگەرەنانەوەی بەرپرسانی ئەمریکی، بەرلین وپاریس لەبەردەم میکانیزمی ڕێگای دراڤیی یەکێتی ئوروپا لەگەڵ ئێران(ئێس پی ڤی) ڕێککەوتوون و بەزوویی بە وەڕێخستنی ئەو ڕێکخراوە، نۆ وڵاتی ئوروپایی پەیوەستی دەبن.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەشتی مای٢٠١٨ بەشێوەی یەکلایەنە وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە کشاندەوەو گەڕاندنەوەی گەمارۆ دژە ئێرانییەکانی ڕاگەیاند.

بەریتانیا، فەڕانسە، ڕووسیا، چین، ئاڵمان ویەکێتی ئوروپا وێڕای نەیارەتی لەگەڵ ئەو کردەی ترامپ جەختیان کردووە لەسەر پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و درێژەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێراندا.

سەرپەیڤ