حوزه‌یران 12, 2019 11:50 Asia/Tehran
  • دیھقانی: قورسایی پاراستن و بەردەوام کرانی ڕێککەوتنی بەرجام نابێ تەنیا لە سەر ئێران بێت

یاریدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری مافەوانی و نێونەتەوەیی، ڕۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە ڤییەنا، وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە قورسایی پاراستن و بەردەوام کرانی ڕێککەوتنی بەرجام نابێ تەنیا لە سەر ئێران بێت، وتیشی: وڵاتانی ھەنوکە ئەندامی ئەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە لە سەریانە بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە ھەنگاوی کرداری و بەبڕشتانە ھەڵگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، «غوڵامحسەین دیھقانی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ  کاروباری مافەوانی و نێونەتەوەیی لەو کۆبوونەوەیەدا پێی داگرت: لایەنەکانی ڕێککەوتنی بەرجام لەپاش کشانەوەی نایاسایی واشێنگتۆن لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە بەڵێنمەند بوون کە ڕێگاگەلێکی کرداری دیاری بکەن بۆ ئاسایی کردنەوەو تەنانەت بەرز کردنەوەی ئاستی ھاوکاریی ئابووری لەگەڵ ئێران، لەوانە پێکھێنانی میکانیزمێکی بانکیی کاراو، بەردەوم کردنی ھەناردەی نەوت و گازو بەرھەمی پترۆشیمی، کەچی ھەتا ئێستا ھیچ میکانیزمێکی پراکتیکییان بۆ بەرنگار بوونەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکاو قەرەبووی کاریگەرییەکانی نەخستووەتە ڕوو.

«دیھقانی» پێشی داگرت، بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا بەشێکی ھەرە زۆری ڕێککەوتنی بەرجامی پەک پێ خستووەو بەتەواوی ھاوسەنگییەکانی تێک داوە.

یاریدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ  کاروباری مافەوانی و نێونەتەوەیی، تیشکی خستە سەر ھەنگاوی بەرامبەری ئێران لە ھەمبەر کشانەوە نایاساییەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و پابەند نەبوونی ئەورووپییەکان لەمەڕ ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانیان و وتیشی: ئەو ھەنگاوانەی ئێران لە ئاراستەی چەسپاندنی مافە دیاریکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی بڕگەکانی ٢٦و٣٦ی ڕێککەوتنی بەرجام ھەڵگیراون.

«غوڵامحسەین دیھقانی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری مافەوانی و نێونەتەوەیی، وتیشی: ئێران بەو بڕیارەی لە ڕاستی دا یارمەتیی پارێزرانی بەرجامی داوەو ئینجا ھاوکات ئامادەیی خۆشی بۆ بەردەوام کردنی پرس و ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، بەتایبەت وڵاتانی ھەنوکە ئەندامی ڕێککەوتنی بەرجام ڕاگەیاندووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاگەلی کرداریی کارا بۆ لە خشتەنەبرانی ڕێککەوتنەکە.

بریتانیا، فەرەنساو ئاڵمانیا دوای کشانەوە نایاساییەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مای ٢٠١٨ بەڵێنی ئەوەیان دا کە بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران ئەو ڕێککەوتنە ڕابگرن و نەھێڵن ھەڵوەشێتەوە. ئەم وڵاتانە سەرباری ڕاوەستانی سەرزارەکی و سیاسییان لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی ئەمریکا لە ڕووی ڕاپەڕاندنی ئەو بەڵێنانەی کە بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دابوویان،ھەتا ئێستا ھیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەھێناوە.