ته‌مووز 12, 2019 13:56 Asia/Tehran
  • ئەمیر حاتەمی: دەسدرێژکاران بۆ سەر  یەکپارچەیی خاکی ئێران بەرەوڕووی وەڵامی گورچکبڕ دەبنەوە

وەزیری بەرەڤانیی ئێران وتی: دوژمنان لە هەر ئاستێکدا بن بە نیازی دەسدرێژی بۆ سەر خاک و یەکپارچەیی خاکی ئێران بن بەرەوڕووی وەڵامێکی لێبڕاوانە، گورچکبڕ دەبنەوە کە دەبێتە هۆی پەژیوان بوونەوەیان.

بە پێی ڕاپۆرتی بەشی پێوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرەڤانی؛ ئەمیر سەرتیپ " ئەمیر حاتەمی" ڕۆژی هەینی هەڕەشەی ئەم دواییەی "بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی بە نموونەی زەق و بەرچاوی بنپێ کردنی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە قەدەغەی هەڕەشە و گوڕەشە دژ بە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەک گرتووەکان لەوان ئێران زانی و وپێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پاراستنی مافی ڕەوای خۆی لە سەر بنەمای ئامۆژگارییەکانی ئایینی ئیسلام و بڕگەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاوەنی ئامادەییەکی تۆکمە و تەواوە لە لایەن هێزە چەکدارەکانییەوە  بۆ ئەوەی وەڵامێکی گورچکبڕ بداتەوە بە دەسدرێژکاران.

وەزیری بەرەڤانیی ئێران هەروەها خوازیاری وەڵامدانەوەی لێبراوانەی کۆڕە نێودەوڵەتییەکان و بە کردەوە و ئاکاری پڕمەترسیی ڕژێمی زایۆنی بە پێی بنەما و یاسا و ڕێساکانی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بوو.

"بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی ماوەیەک لەمەوبەر بە ئاماژە بە فڕۆکەی بەرەی نوێی F_35 هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو. نەتانیاهوو وتبووی: ئەم فڕۆکانە دەتوانن لە هەر ناوچەیەکی  ڕۆژهەڵاتی ناڤین، لەوان ئێران و سووریا گەشت لێ بدەن.

سەرپەیڤ