ئاب 18, 2017 13:59 Asia/Tehran
  • 
هاوکاری تورکیا و ئێران کلیلی ڕاگرتنی دەستێوەردانی دەرەکی لە ناوچەیە

"فاروق لۆغ ئۆغڵۆ" بە ئاماژە بە گرینگیی دیداری سەردار باقری لە ئەنقەرە، هاوکاریی تورکیا و ئێرانی بە کلیلی وەستاندنی دەستێوەردانی دەرەکی لە ناوچەدا زانی و ڕایگەیاند دوو وڵات ئیزن نادەن عێراق دابەش بکرێت.

به پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر،فاروق لۆغ ئۆغڵۆ یەکێک لە دیپلۆماتە کۆنەکارەکانی تورکیا ،  سەبارەت بە گرینگیی دیداری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداریی ئێران لە ئەنقەرە وتی: دیداری سەدار باقری لە تورکیا لانی کەم لە چەندین سونگەوە گرینگە؛ یەکەم بە هۆی کاتی ئەو دیدارە کە گۆڕانکاریی سووریا و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی دوو وڵات لە گەڵ تیرۆریزم لەو وڵاتانە بۆتە هۆی بەرەوڕووبوونەوەی ئێران و تورکیا لە گەڵ هەڕەشەگەلێکی ئاسایشی هاوبەش. ئەمەش بۆتە هۆی نزیکبوونەوەی زیاتری دوو وڵات و گرتنەبەری سیاسەتگەلی هاوئاهەنگ‌تر لە رێگای ڕاوێژ و  گفتوگۆوە.

ناوبراو وتیشی: گرینگیی دووهەمی ئەو سەردانە پێشوازی و وەرگرتنی گەرمی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداریی ئێران لە لایەن بەرپرسانی باڵای تورکیا و دیداری لە گەڵ سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە لە ماوەی ئەو دوو رۆژەیە.

هەروەها گرینگی سێهەمی ئەم دیدارە لایەنی ڕەمزی و سیمبۆلیەکەیەتی؛ ئەمە یەکەم دیداری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداریی ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوو واتە لە دوای ساڵی ۱۹۷۹یە و نیشانی دا کە دوو وڵاتی بە دەسەڵاتی ناوچە واتە ئێران و تورکیا سەرەڕای ناکۆکیگەلێکی زۆر کە هەیانە، هەر کات بەرژەوەندیی نیشتمانیان هاوتەریب دەبێتەوە، دەتوانن لە پشتی یەکتر بن.

لۆغ ئۆغڵۆ لەبارەی دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی هاوبەشی ئێران و تورکیا هەمبەر بەو هەنگاوە و هەروەها ئامانجی مەسعوود بارزانی لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم ڕوونی کردەوە: پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە ۲۵ی سێپتامبری بەڕیوە بچێت کانوونی بشێوی و ئاژاوەی دواتری ناوچە دەبێت.

ئێران و تورکیا پێشتر ناڕەزایەتی خۆیان بۆ ئەو مژارە دەربڕیوە و جەختیان لە یەکپارچەیی عێراق و تەواوەتی سەرزەوینیی ئەو وڵاتە کردۆتەوە. بەغدا و تەنانەت چەندین گرووپی کوردیی هەرێمیش دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمن.

سەردار محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداریی ئێران بۆ دیدارێکی فەرمی لە گەڵ بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی تورکیا و لەوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئەنقەرەی کرد. ئەو سەفەرە ٣ رۆژە لە سەر بانگهێشتی ژینڕاڵ "هولۆسی ئاکار" هاوتای سەدار باقری ئەنجامی گرت. لەو سەفەرەدا چەندین بەرپرسی باڵای سەربازیی وڵات و لەوان فەرماندەی هێزی زەوینیی سپا، هاوڕێی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداریی ئێران بوون.