بۆردومانی بنکە و حەشارگەکانی پەکەکە لە باکووری ئێراق
ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ٩ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) لە پەلامارەکانی ڕۆژی چوارشەممەی هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە لە باکووری ئێراق کوژران.
بە پێی ڕاپۆرتیی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا هەروەها ڕاشیگەیاند کە لەم پەلامارانەدا حەشارگە و هەممارەکانی چەک و کەرەستەی جەنگیی "پەکەکە" تیا چوونە.
دەسدرێژیی ئاسمانی و تۆپخانەیی تورکیا بۆ سەر ناوچە شاخاواییەکانی باکووری ئێراق لەو کاتەوە کە ڕێککەوتننامەی ئاگربڕ لە نێوان ئانکارا و پەکەکە لە ژولایی ٢٠١٥دا بنپێ کرا دەست پێ بۆتەوە. ئەو دەسدرێژییانە بەرەوڕووی کاردانەوەی توندی دەوڵەتی ئێراق و وڵاتانی دیکەی جیهان بۆتەوە.
پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کوردەکان لە تورکیا لە دیسەمبەری ٢٠١٢ـەوە دەست پێ بوو ، بەڵام بە هۆی ڕوودانی تەقینەوەیەک لە ژولایی ٢٠١٥ لە شاری سوروچ راگیردرا، دوابەدوای ئەوەش پەلامارەکانی سوپا و پەکەکە بۆ سەر هێز و مەتەرێزی یەکتری دەست پێ بوویەوە.
بە پێی ڕێژە و ئاماری بڵاو کراوە لەم ماوەیەدا، لانیکەم شەشسەد سەرباز و ئەفسەری ئاسایشی تورکیا و زیاتر لە حەوت هەزار شەڕڤانی پەکەکە کوژراون.