کانونی دوھەم 15, 2018 21:07 Asia/Tehran
  • پێداگری بەرپرسی حیزبێکی تورکیا لەسەر دەسپێکرانی هاوکاریی حکومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا

ڕێبەری پارتی وەتەنی تورکیا جەختی کرد لەسەر دەسپێکرانی هەرچی خێراتری هاوکاریی ئانکارا لەگەڵ حکومەتی سووریا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، دۆغو پرینچک ئەمڕۆ دووشەممە لە قسەگەلێکدا لەئانکارا، وتی: حکومەتی تورکیا نابێ درێژە بدات بە دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا بەڵکوو دەبێ هەرچی زووتر هاوکاریی خۆی لەگەڵ حکومەتی سووریادا دەس پێ بکات.

پرینچک بەئامادەبوون لە پرۆگرامی ڕاستەوخۆی کەناڵی هالک تی ڤی تایبەت بە ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا لە عەفرینی سووریا وتی: ئەمریکییەکان بەشێوەی هەمەلایەنە داکۆکی دەکەن لە کوردە بەرهەڵستکارەکانی سووریا ولە سووریاش، ئەمریکا وەک هێزێکی داگیرکەر دەناسرێ.

ڕێبەری پارتی وەتەنی تورکیا وتیشی: تورکیا بە پەلاماری تۆپخانەیی سوپا بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە) و پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا(پەیەدە) لە عەفرین، لەڕاستیدا بەرەوڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ ئەمریکای دەس پێ کردووە، بۆیە، کاربەدەستانی تورکیا دەبێ دوژمنایەتی لەگەڵ حکومەتی سووریا وەلابنێن و بۆ بەهێزکردنی بەرەی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی عەفرین، هاوکاریی حکومەتی سووریا بکات.

سوپای تورکیا لە رۆژی شەممەی ئەم حەوتەوە پەلامارە تۆپخانەییەکانی لەدژ پێگەکانی شەڕڤانانی کورد لە عەفرینی سووریا دەس پێ کردووە کە هەروا بەردەوامە.

سەرپەیڤ