حوزه‌یران 15, 2018 02:49 Asia/Tehran
  • بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئاک پارتی کوژراوو برینداری لێ کەوتەوە

قوربانی کرانی یانزە شارومەندی تورکیا تازەترین بەرھەمی دەستەڵاتی دادوگەشە .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ژێدەرەکانی تورکیا، لە ئەنجامی  شەڕو دەمەقاڵێی نێوان ئەندامانی ئاک پارتی لە شارۆچکەی سروچی سەر بە پارێزگای ئورفا و چەند دوکاندارێکی سنورەکە سێ کەس گیانیان لەدەست داو ھەشت کەسیش برینداربوون.

میدیاکانی تورکیا وایان بڵاو کردووەتەوە کە، ڕۆژی پێنجشەممە بەمەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی تورکیا، ئیبراھیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری تورکیا لەسەر لیستی ئاکەپە کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، سەردانی ناوچەی سوروچی سەربە شانلی ئورفا کرد کە دوابەدوای ئەوە لە کاتی بانگەشەکەدا ئاڵۆزی و دەمەقاڵێ لە نێوان پاسەوانەکانی ناوبراو و چەند دوکاندارێکی ناوچەکە سەری ھەڵدا. وەک باسی دەکرێت، لە ئەنجامی ئەو دەمەقاڵێیەدا شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕووی داو بەو ھۆیەوە، ١١ کەس برینداربوون و دەستبەجێ  گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە گشتییەکانی ئورفا و سروچ،. وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، سیان لە بریندارەکان سەرەڕای پێدانی فریاگوزاریی سەرەتایی، گیانیان لەدەست دوەا کە گوایە برایەکی پەرلەمانتار، محەمەد عەلی یلدزیش لە نێو کوژراواندایە.

وابریارە ٢٤ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی گشتی تورکیا بەڕێوەبچێت و ڕۆژى  ١٥ى مانگی ڕابردووش سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە بەرنامەى خۆى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى داهاتووى ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد.