حوزه‌یران 24, 2018 16:25 Asia/Tehran
  • ڕاپێچ کرانی کۆمەڵێک لە لایەنگرانی پارتەکەی خەنیمی ئەردوغان لە تورکیا

پۆلیسی تورکیا شەش شارومەندی بە تاوانی بێڕێزی کردن بە ئەردوغان لە ئاپۆڕەیەکی ھەڵبژاردنی سەربە موحەڕڕەم ئینجە، ڕاپێچ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ھەواڵدەریی تەسنیم ، کۆمەڵێک لە لایەنگرانی موحەڕڕەم ئینجە پاڵێوراوی پارتی کۆماریخوازی گەل بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا، سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە ئێزمیر و لە ئاڵۆڕەیەکی ھەڵبژاردن دا دژی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیاو پاڵێوراوی پارتی دادوگەشە، دروشمی سوکایەتی کارانەیان ھەڵدا.

گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو ئاپۆڕەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادا بڵاو بوونەتەوە.

پۆلیسی تورکیا بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە قۆڵی لێ ھەڵماڵی و دەستی کرد بە ناس کردن و گرتنی شەش کەس لەوانەی کە بێڕێزییان بە ئەردوغان کردبوو کە ھەتا ئێستاش قۆنلغەکانی لێپێچینەوەیان بەردەوامە.

رۆژی ٢١ی ئەم مانگە موحەرەم ئینجە، کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا لە لیستی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)، لە شاری ئیزمیر کەمپینی بانگەشەی بۆ پارتەکەی کرد و جەماوەرێکی زۆری لێ کۆبووەوە، ئەوەش دەنگدانەوەیەکی سەرتاسەری لە تورکیادا لێکەوتەوە.تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس بە تۆمەتی سوکایەتیکردن و بێرێزی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستگیر کراون، کە لە ناویاندا منداڵ و قوتابی قوتابخانەش هەیە . بەگوێرەی بڕیاری دادگای تورکیا، سزای ئەو کەسانەی سوکایەتی بە سەرۆکی وڵات دەکەن  زیاتر لە چوار  ساڵ زیندانییە.

ھەڵبژاردنی پێش وەختەی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا بە بەشداریی شەش پاڵێوراو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتی و چوارھەزارو ٨٥١ پاڵێوراوی نوێنەرایەتیی پەرلەمانی تورکیا بۆ بەدەست ھێنانی ٦٠٠ کورسیی پەرلەمان ئەمڕۆ لە کاتژمێر ھەشت و نیو بە کاتی خۆجێیی دەستی پێ کراوە. لەم ھەڵبژاردنەدا پتر لە 56 ملیۆن و 342 هەزار و 263 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها 180 هەزار و 896 سندووق لە بنکەکانی دەنگدان دانراون. زۆرێک لەچاودێرای سیاسی لەوباوەڕەدان کە ئەم ھەڵبژاردنانە لە یەکەم قۆناغ دا یەکلایی نابنەوە مەگەر بە ساختەکاری لە لایەن پارتی دەستەڵاتدارەوە، چونکو ئەگەربێتوو  ھەڵبژاردنەکە بکەوێتە  قۆناغی دووھەم ئیدی دەرچوونی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری ئێستا کە تەنانەت یاسای وڵاتیشی لە پاوانی خۆی دا گۆڕیوە، گەلێک زەحمەت دەبێت.

سەرپەیڤ