تشرینی یه‌که‌م 16, 2018 14:20 Asia/Tehran
  • تورکیا: لە پشکنینی کۆنسولخانەی عەرەبستان بەڵگەی سەلمێنەری کوژرانی خاشووقچی دەس کەوتووە

ژێدەرەکانی تورکیا ڕایانگەیاند کە لە کاتی گەڕان و پشکنین لە کۆنسولخانەی عەرەبستان بەڵگەی سەلمێنەری کوژرانی "جەماڵ خاشووقچی"ـیان دەس کەوتووە.

کەناڵی ئەلجەزیرە بە گێڕانەوە لە نووسینگەی دادستێنی گشتیی تورکیا ڕایگەیاند وێڕای هەوڵی سەعوودییەکان بۆ حاشا لە هەر چەشنە بەڵگەی کوژرانی خاشووقچی ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگر لە سیاسەتەکانی ڕژێمی سەعوودی، لە گەڕان و پشکنینی بەرایی لە کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵ، چەن بەڵگەیەکی گرینگ بە دەست هاتوون کە سەلمێنەری کوژرانی خاشووقچین.

هەروەها کەناڵی تەلەڤزیۆنیی سی.ئن.ئن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە عەرەبستانی سەعوودی خەریکی ئامادە کردنی راپۆرتێک سەبارەت بە بێ سەر و شوێن بوونی "جەماڵ خاشوقچی"ـیە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ عەرەبستان ئەگەری زۆرە لەو راپۆرتەدا دان بەوە دا بنێ کە خاشووقچی ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی سەعوودی بە هەڵە لە کاتی لێپرسینەوە کوژراوە.

سی ئن ئن وتیشی؛ ئەم راپۆرتە خەریکی ئامادە کرانە و ئەگەری زۆرە گۆڕانکاری تێدا ئەنجام بدرێ.

ژێدەرێکی دیکەیش وتی ئەگەری ئەوە زۆرە ئەو ڕاپۆرتە لە ئەنجامەکەیدا بانگەشە بکات ئەو ڕووداوە بە بێ ئەوەی لە پێشەوە پلانی بۆ دابڕژێ ڕووی داوە و کەسانی سەبەبکاریش سزا دەدرێن.

"جەماڵ خاشوقچی" دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن بوو.

مێدیاکان چەن ڕۆژ دواتر ڕاپۆرتیان دا کە خاشووقچی لە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستاندا کوژراوە و تەرمی ئەنج ئەنج کراوی کە ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە دیار بووە لە ئەستەموڵ دۆزراوەتەوە.

ناوی "جەماڵ خاشووقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگر لە ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بوو و لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستان دەژیا.