تشرینی یه‌که‌م 20, 2018 11:54 Asia/Tehran
  • ئەستەموڵ، میوانداری لووتکەی چوارقۆڵی دەبارەی سوریا دەبێ

بە میوانداریی ئەردۆغان و بە بەشداریی هەریەک لە سەرۆکی روسیا، سەرکۆماری فەڕەنسا، و راوێژکاری ئەڵمانیا، رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2018 لە ئیستانبوڵ، لووتکەی چوارقۆڵیی لەبارەی سوریاوە، بەرێوە دەچێت.

ئاژانسی ئەنادۆڵو بڵاویکردۆتەوە، کە وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن، لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە لووتکەی چوارقۆڵیی لەبارەی سووریاوە، ئاشکرایکردووە: لووتکەکە رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2018 لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت.

لە راگەیەنراوەکەی ئیبراهیم کاڵندا هاتووە: “بە میوانداریی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان و بە بەشداریی هەریەک لە سەرۆکی ڕوسیا، ڤلادیمیر پوتین، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و راوێژکاری کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، ئەنگێلا مێرکڵ، لووتکەی چوارقۆڵیی رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2018 لە ئیستانبوڵ سازدەکرێت”.

بە وتەی کاڵن، “چاوەڕوان دەکرێت لەمیانی لووتکەکەدا سەرجەم رەهەندەکانی ناکۆکیی سوریا و لەسەروو هەموویانەوە دۆخی مەیدانیی، رێککەوتننامەی ئیدلب و پرۆسەی سیاسیی تاوتوێ بکرێن و رێککەوتن لەسەر هەوڵە هاوبەشەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ناکۆکییەکان، بکرێت”.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز بڵاویکردۆتەوە، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری فەڕەنسا ڕایگەیاندووە: “بۆ ئەوەی لە هەرێمی ئیدلب کارەساتێکی مرۆیی ڕوونەدات و شەپۆلێکی نوێی پەنابەران دەستپێنەکات، فەڕەنسا دەیەوێت هانی بەردەوامیی ئاگربەست بدات و پڕۆسەیەکی سیاسیی هەمەلایەنە دەستپێبکات”.

لووتکەی چوارقۆڵی دەبارەی سووریا، لە کاتێکدایە، کە ئەو ماوەیەی بۆ دروستکردنی “ناوچەیەکی ئارام” لە ئیدلب لە لایەن تورکیا و ڕوسیا دیاریکرابوو، تەواو بووە.

تورکیا و ڕوسیا، ڕۆژی 17ی ئەیلوول ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک و سەرباز، دەبوایە تا 15ی تشرینی یەکەم چەکە قورسەکان کشێنرابانەوە، بەڵام پەیمانەکە جێبەجێ نەکرا.