تشرینی دووه‌م 21, 2018 08:30 Asia/Tehran
  • چاووش ئوغلو : عەرەبستان لە دۆسیەی خاشقچی دا ھاوکاریی ناکات، کەوابوو لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان داوای یارمەتیی دەکەین

وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی چوارشەممە لە ھاوکاری نەکردنی عەرەبستان لە دۆسیەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسە تیرۆر کراوەکەی نەیاری ئالی سەعود بە توندی ڕەخنەی گرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی تەسنیم،ڕ مەولوود چاووش ئوغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای چاوپێکەوتنی مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشێنگتۆن لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران وتی: ئەگەر بێتوو ڕیاز ھەروا لە سەر ھاوکاری نەکردنی لە دۆسیەکەی کوشتنی جەمال خاشقچی بەردەوام بێت، ئانکارا لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان لۆ لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە داوای یارمەتی دەکات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا بە دەربڕینی ئەمەی کە ئانکارا زانیاریی ھاوپەیوەند بە دۆسیەی کوژرانی جەمال خاشقچیی خستووەتە بەردەستی ئەمریکاو وڵاتانی دیکە، پێی داگرت، دەبێ ئەوە ڕوون بێتەوە کە کێ فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچیی دەر کردووە.

وەزیری بەرەڤانیی تورکیاش شەوی یەکشەممە ڕایگەیاند: ئانکارا بە شێوەی فەرمیانە داوای لە عەرەبستان کردووە کە تیمی تیرۆرکاری خاشقچی ڕادەستی تورکیا بکات و کەچی ڕیاز وەڵامی نەرێنیی بەم داخوازییە داوەتەوە.

خلوسی ئاکار وەزیری بەرەڤانیی تورکیا جەختی کردووە بە تێکڕایی ١٨ کەس لە عەرەبستانەوە بۆ کوشتنی خاشقچی ھاتبوونە ئەستەموڵ.

"جەماڵ خاشقچی" دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن بوو.

مێدیاکان چەن ڕۆژ دواتر ڕاپۆرتیان دا کە خاشقچی لە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستاندا کوژراوە .ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی کوژرانی خاشقچی لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: کوژرانی جەمال خاشقچی بەم واتایەیە کە ڕەخنەگران تەنانەت لە دەرەوەی عەرەبستانیش لە ئەماندا نین.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوای ڕوون بوونەوەو وەڵامدانەوەی ڕاشکاوانەی ڕیازی کردووە لەم پەیوەندییەدا.

ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و ھەر لە بەر ئەمەش لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستاندا دەژیا.

ڕژێمی سەعودی ڕۆژی ھەینی ١٩ی ئۆکتۆبەر دوای ١٨ ڕۆژ بێ دەنگە لێکردن و بەدرۆ خستنەوە سەرەنجام لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای جیھانی دا ئەوەی پشتراست کردەوە کە خاشقچی لە کونسولخانەی ئەم وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیادا کوژراوە.