ئاب 18, 2019 17:03 Asia/Tehran
  • وەزیری بەرەڤانیی تورکیا: ناوەندی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە حەوتەی داھاتووەوە چالاکییەکانی دەست پێ دەکات

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرەڤانیی تورکیا کە سەردانی شانلی ئورفای کردووە لە لێدوانێکدا لە بەردەم ھێزە مۆڵ دراوەکانی سوپای وڵاتەکەی لەم پارێزگایەدا رایگه‌یاند:ناوەندی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە حەوتەی داھاتووەوە چالاکییەکانی دەست پێ دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئاناتۆلی:خولوسی ئاکار، وەزیری بەرەڤانیی تورکیا کە سەردانی شانلی ئورفای کردووە لە لێدوانێکدا لە بەردەم ھێزە مۆڵ دراوەکانی سوپای وڵاتەکەی لەم پارێزگایەدا رایگه‌یاند: ڕێککەوتنی گشتی لە بارەی کۆنترۆڵ و ھاواھەنگیی سنوورە ئاسمانییەکانی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا و گەلێک بابەتی دیکە ھاوتەریب لەگەڵ پەیوەندیی ستراتژیی نێوان تورکیاو ئەمریکا مسۆگەر کراوەو ناوەندی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش حەوتەی داھاتوو بە تۆکمەوتەواوی چالاکییەکانی دەست پێ دەکات.

ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا وێڕای ئاماژە کردن بە گەشتی ئاسمانیی فڕۆکە بێ سەرنشینەکانی تورکیا لە ئاسمانی باکووری سووریا وتیشی:  ھەر چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیاش گەشتە ئاسمانییەکانیان دەست پێ کردووە. ئەم گەشتە ئاسمانیانە لە چواردەی ئاگۆستەوە دەستیان پێ کراوەو خشتەی زەمەنیی چالاکییەکەشیان ھەتا ئێستا بێ گرفت بەردەوام بووە. ئێمە چاوەڕوان دەکەین کە ڕەوتەکە ھەر ئاواش بەردەوام بکرێت و لە نزیکیشەوە چاودێریی دەکەین. ئێمە لەم بارەیەوە ھەرچەشنە ھەستیارییەک بەکار دێنین و مۆڵەتی ھیچ جۆرە پەک کەوتنێک لە کارەکەدا نادەین.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرەڤانیی تورکیا  وتیشی: بە سەرنجدانی فەرمانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ھەموو تەگبیرێکی پێویست لە سنوورەکاندا کراوە. ئێمە قەت مۆڵەتی ئامادە بوونی تیرۆریستان و پێکھاتنی بوارگەیەک بۆ تیرۆر نادەین. ئەو ھاوکارییانەش کە لە نێوان ھاوپەیمانی ستراتژیکمان و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ئاردایە قەت جێگای قەبووڵ نییەو ھەرچی خێراتر دەبێ کۆتایی پێ بێت.

جێگای ئاماژەیە له‌ رێککه‌وتنی نێوان ئانکاراو واشێنگتۆندا  دامەزراندنی ناوه‌ندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە تورکیا رێککه‌وتنی له‌سه‌ر کراوه‌ بۆ ئەوەی ھاوکات هه‌ماهه‌نگی و کار بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام بکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی سوریا بە توندی نەخشەی پێکهێنانی ناوچەی ئارام لە باکووری وڵاتەکەی ئیدانە کردووە و بە هەنگاوێکی دەزانێ بۆ قۆستنەوەی پرسی پەنابەران و یارمەتێدانی تیرۆریستان .