کانونی دوھەم 24, 2020 18:55 Asia/Tehran
  • پەیامی دەمیرتاش بۆ کۆنگرەی ھەدەپە: قەبووڵ کردنی سەرۆکایەتیی پارتەکەمان لەم دۆخەی ئێستادا نامسۆگەرە

ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکرانی گەلان (ھەدەپە) لە پەیامێکدا بۆ سێھەمین کۆنگرەی ھەدەپە لە ئانکارا وێڕای ئاماژە کردن بە بانگەشەکانی ھاوپەیوەند بە ھەگەری خۆپاڵاوتنی لە کۆنگرەی فڤریەی ھەدەپە بۆ ھاوسەرۆکایەتیی پارتەکەیان جەختی کرد:قەبووڵ کردنی سەرۆکایەتیی پارتەکەمان لەم دۆخەی ئێستادا نامسۆگەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،سەلاحەددین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکرانی گەلان (ھەدەپە) لە پەیامێکدا بۆ سێھەمین کۆنگرەی ھەدەپە لە ئانکارا وێڕای ئاماژە کردن بە بانگەشەکانی ھاوپەیوەند بە ھەگەری خۆپاڵاوتنی لە کۆنگرەی فڤریەی ھەدەپە بۆ ھاوسەرۆکایەتیی پارتەکەیان، جەختی کرد: لەم ھەل و مەرجەی کە لە بەندیخانەدام ناتوانم بە شێوەی فەرمی بەرپرسایەتییەک بگرمە ئەستۆ، نابێ بە ھێنانە ئارای ئەم جۆرە باسانە کۆنگرەکە بە لاڕێ دا بەرن.

بەپێی نووسینی ڕۆژنامەی دیوار، دەمیرتاش لە پەیامەکەی دا جەختیشی کرد کە، لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا بە ئەستۆگرتنی بەڕێوەبەرایەتیی پارتەکەمان بە شێوەی فەرمیانە نامسۆگەرە، ئێمە لە ھەر ھەل و مەرجێکدا لە ناخی پارتەکەمانداین و پارتەکەشمان لە ھەر ھەل و مەرجێکدا لە ناخی ئێمەدایە، ھەر ئەمەش بۆ ئێمە بەسە.

سێھەمین کۆنگرەی پارتی دیموکرانی گەلان (ھەدەپە) بە دروشمی «ھەدەپەیەکی دەستەڵات دارترو خەباتێکی ھێزمەندتر» دەستی پێ کراوەو ھەتا سبەینێش بەردەوام د ەبێت.