نیسان 06, 2020 17:13 Asia/Tehran
  • گیان لەدەستدانی پێنج سەت و حەفتاو چوار کەس و تووشبوونی بیست و حەوت هەزار و ٦٩ کەس دوائاماری تووشبووان بە پەتای کۆڤید-١٩ لە تورکیا

وەزیری تەندروستیی تورکیا بەڕاگەیاندنی ئاماری نوێی کۆرۆنا ڤایرۆس لە تورکیا، ڕایگەیاند: پێنج سەت و حەفتاو چوار کەس گیانیان لەدەست داوەو بیست و حەوت هەزار و شەست و نۆ تووشبووش، دوائاماری هاوپێوەند بە پەتای کۆڤیدی نۆزدەیە لە تورکیا.

"فەخرەدین کوچا" وەزیری تەندروستیی تورکیا بەخستنەڕووی ئاماری نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا ڤایرۆس لە تورکیا ڕایگەیاند: "لە بیست و چوار کاژێری ڕابردوودا حەفتاو سێ کەس بەهۆی تووشبوون بەو پەتایە گیانیان لەدەست داوەو سێ هەزار و ١٣٥ حاڵەتی نوێی تووشبوونیش ناسکراون کە ئەو ئامارە، ئاماری گشتیی تورکیای گەیاندۆتە پێنج سەت و حەفتاو چوار حاڵەتی گیان لەدەستدان و بیست وحەوت هەزار و شەست و نۆ حاڵەتی تووشبوون".

وەزیری تەندروستیی تورکیا هەروەها ڕایگەیاند: تائێستا سەت و هەشتاو یەک هەزار و چوارسەت و چل و پێنج تێست و تاقیکاریی کۆرۆنا لەو وڵاتە ئەنجامی گرتووە. هەزار و ٣٨١ نەخۆش گوێزراونەوە بۆ بەشی ئاگاداریە تایبەتیەکان و لە بیست و چوار کاژێری ڕابردووشدا ٢٥٦ نەخۆش پاش چارەسەریی ، نەخۆشخانەیان جێهێشتووەو گەڕاونەوە ماڵەکانیان.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، گوند و ناوچە جیاجیاکانی پارێزگا کوردنشینەکانی تورکیا بریتی لە؛ دیاربەکر. شانلی ئورفاو موش پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس(کۆڤید-١٩) بەتەواوەتی لە کەرەنتینە کراون.

لەهەمان کاتدا، وەزارەتی کولتور و گەشتیاریی تورکیا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ڕاکێشانی حەفتا ملوێن گەشتیاری لە بەرنامەی کاردا هەبوو کە بەرەوڕووی میوانێکی نەخوازراو بەناوی کۆرۆناڤایرۆس بۆوە. ئەو ڤایرۆسەی لە دوو مانگی ڕابردوودا گەیشتە تورکیا و زیاترین زیانی لە پیشەسازیی گەشتیاریی ئەو وڵاتە داو بەسەرنجدان بە درێژەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە تورکیا و هەڵکشانی ڕێژەی بەرچاوی تووشبوون لە دەسپێکی ورزی هاوین و وەرزی گەشتیاری تورکیا، بووە بە یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییە ئابوریەکانی ئەو وڵاتە.

سەنتەری پارێزەرانی "وان"یش بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرێک لەمەڕ ڕەوشی زیندانەکانی وان بە سەرنجدان بە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی کۆرۆنا ڤایرۆس لە تورکیادا ڕایگەیاند: "دوابەدوای ئەو سەردانانەی لە زیندانەکانی تیپی تی، ئێف و ئێممان ئەنجام دا لەلایەن ئیدارەی ئەو زیندانانە تەنیا ماسک دراوە بە بەندکراوان و هیچ ماددەیەکی دژە ڤایرۆس، دەستکێش و کەرەستەی پاکپارێزیی دیکە نەخراوەتە بەردەست زیندانیان. ماسک و کەل و پەلی پاکپارێزیی نێو فرۆشگەی بەندیخانەکانیش بەنرخێکی زۆربان دەفرۆشرێ. "

پاش ئەوەی حکومەتی تورکیا نەیارەتی کرد لەگەڵ ئازادکرانی بەندکراوانی سیاسی دوابەدوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس، زیندانیان لە زیندانی تیپی "ئێم"ی باتمان دەستیان کرد بە سەرهەڵدان و ڕاپەڕین.