ئاب 31, 2020 12:11 Asia/Tehran
  • تورکیا هۆشداری دەداتە یۆنان

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا هۆشداری دایە یۆنان و رایگەیاند، رێگه‌ ناده‌ن "ئیستفزازکردنێک"ى به‌وشێوه‌یه‌ رێک لەوبەرى کەناراوەکانیانه‌وه‌ بگاتە ئامانجەکانی .

حامى ئاکسۆى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا راگەیەندراوێکی لەبارەی  رەوانەکردنى پێداویستى سەربازی بۆ دورگەى مەیس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "جه‌خت له‌وه‌ده‌که‌ینه‌وه‌ رێگه‌ ناده‌ین ئیستفزازکردنێکى به‌وشێوه‌یه‌ رێک لەوبەرى کەناراوەکانمانه‌وه‌ بگاتە ئامانجەکانى، ئەم جۆرە ئیستفزازکردنە هیچ سوودێکى بۆ یۆنان نابێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر یۆنان هەنگاو بە ئاڕاستەى ئاڵۆزترکردنى دۆخى ناوچەکە بنێت ئەوه‌ى زیانى پێدەگات هەر خۆى دەبێت، تورکیا سورە لەسەر ئەوەى تا کۆتایى ماف و بەرژەوەندیى خۆى کە لە یاساى نێودەوڵەتییەوە سەرچاوەى وەرگرتوە بپارێزێت.

تا دێت ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەبارەی یەدەگی گازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست زیاتر دەبێت، حکومەتی تورکیا سورە لەسەر گەڕانی زیاتر بەدوای نەوتدا و یۆنانیش بە پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا دژی دەوەستێتەوە.

25ی ئەم مانگە، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی یۆنانی کرد و رایگەیاند، "چارەسەری ململانێکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەبارەی یەدەگی گازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست  لە رێگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە لە دەریای ناوەڕاست کاریگەری نەرێنی دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، بە زیانی هەمو ئەو وڵاتانە دەشکێتەوە کە هاوسنورن لە ناوچەکە، لە ململانێکانی نێوان ئەسینا و ئەنقەرە لە ناوچەکە، بەرلین و یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە یۆنان دەکەن.

سەرپەیڤ