تشرینی یه‌که‌م 10, 2020 18:00 Asia/Tehran
  • هەموو جۆرە پەیوەندییەکى تەلەفۆنی بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئۆجەلان قەدەغە کرا

دوای ئەوەى چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ماوەى شەش مانگ قەدەغە کرا، لە بڕیارێکی نوێدا بۆ ماوەى شەش مانگ هەم,و جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لێ قەدەغە کرا.

 

بەپێی ئاژانسی فورات نیوز، بڕیاردراوە بۆ ماوەی شەش مانگ پەیوەندییەکى تەلەفونی لە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قەدەغە بکرێت.

بڕیاری قەدەغەکردنی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەلایەن سەرۆکایەتی دەستەى چاودێریی و ئیداریی بەرێوەبەرایەیتی دەزگای سزای زیندانی ئیمڕاڵییەوە دەرکراوە و بڕیارەکەش لە 7ی ئەم مانگەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان ماوەى 21 ساڵە لە زیندانی جۆری ئێفی ئاست بەرزی ئەمنی لە دورگەی ئیمراڵیدا راگیراوە، زیندانیان عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش-یش لە هەمان زینداندا لەگەڵ ئۆجالان رادەگیرێن.

ئۆجەلان دوای ئەوەى لە 15 شوباتی 1999 رەوانەى ئیمڕاڵی کرا، بۆ یەکەمجار و لە دوای 21 ساڵ لە 27ی نیسانی 2020دا رێگای پێدرا لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پەیوەندی ئەنجام بدات، هەر 3 زیندانییەکەى تریش، کە لە ساڵی 2015ەوە براون بۆ ئیمڕاڵی، لە کاتەوە بۆ یەکەمجار لە 27ی نیسانی 2020دا رێگا بەوانیش درا، کە پەیوەندیی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەکار بهێنن.

دادگای سزای بورسا بە پاساوی ئەوەى ئۆجالان "نەخشەڕێی" رادەستی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردوە، لە 23ی ئەیلولی 2020ەوە بۆ ماوەى 6 مانگ سەردانی پارێزەران و ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ قەدەغە کردبوو.

سەرپەیڤ