کانونی دوھەم 23, 2018 20:09 Asia/Tehran
  • پێداگریی ترێزا مەی لەسەر پێبەندیی بەریتانیا بە بەرجام لەدیدار لەگەڵ تیلرسۆن

نووسینگەی سەرۆک وەزیریی بەریتانیا ڕایگەیاند: ترێزا مەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لەدیداری ئەم دواییەی لەگەڵ ڕێکس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کرد لەسەر پێبەندبوونی وڵاتەکەی بە بەرجام.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، وتەبێژێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیریی ئینگلیز بەئاماژە بە دیداری تیلرسۆن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا لە لەندەن وتی: دوولایەن لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگای جیهانی لەدژ ئەوەی وا ناوی دەنرێ کردەی تێکدەرانەی ئێران لەناوچەدا، وتووێژیان کرد، بەڵام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جەختی کردووە کە لەندەن پێبەندی بەرجام دەبێ.

ئەوە لەکاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دووشەممە پاش دیدار لەگەڵ خانمی مەی ڕایگەیاند، واشنگتۆن و لەندەن بۆ پێکهێنانی گرووپێکی کاری پێکهاتوو لە کارناسان لەسەر کەم کردنی کەم و کوڕییەکانی بەرجام ڕێککەوتوون کە لەوانەیە حەوتەی داهاتوو کۆبێتەوە.

بەریتانیا پێشتریش چەندین جار جەختی کردبوو، پێبەندی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران دەبێ.

ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و گرووپی پێنج کۆیەک(بەریتانیا، فەڕانسە، رووسیا، چین، ئەمریکاو ئاڵمان) لە ژانڤییەی٢٠١٦وە جێ بەجێ کراوە بەڵام حکومەتی ئەمریکا وەک یەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە هەردەم لە جێ بەجێ کرانی، پەیمان شکێنی دەکات.

شیاوی ئاماژەیە، ئێران وێڕای ڕەت کردنەوەی هەرچەشنە دانوستانی دووبارە لەبارەی بەرجام، گۆڕان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەی بە پێشێلکران زانیوە.