حوزه‌یران 13, 2018 14:37 Asia/Tehran
  • وشداری دانی چین بە ئەمریکا لە بارەی کردنەوەی نووسینگەی تازەی باڵوێزخانەی دوفاکتۆ و نافەرمیانەی ئەمریکا لە تایوان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە بارەی ھەوڵی ئەمریکا بۆ پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایوان بە کردنەوەی نووسینگەی تازەی باڵوێزخانەی دوفاکتۆ و نافەرمیانەی ئەمریکا لەو دوورگەیەدا وشداریی دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لوو کانگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وتووێژێکدا وێڕای ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ئەمریکا بۆ پێبەند نەبوونی بە بنەمای چینی یەکانگیر وشداری دا کە کردنەوەی نووسینگەی تازەی باڵوێزخانەی دوفاکتۆ و نافەرمیانەی ئەمریکا لە تایوان، زەبر لە پەیوەندییەکانی نێوان واشێنگتۆن و پیکەن دەوەشێنێ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین  لە بارەی ئەمەی کە پیکەن چی پێ دەکرێت بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەمریکا، ھیچی نەدرکاند ، بەڵام وتی تۆڵەی ئەو کردارانە لە ئەمریکا دەکاتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە تێسای ئینگ وون سەرۆکی ناوچەی تایوان لە ئاھەنگی کرانەوەی نووسینگەی تازەی باڵوێزخانەی دوفاکتۆ و نافەرمیانەی ئەمریکا، ئەو ھەنگاوەی  وەک بەڵێنێک لەمەڕ گرینگ بوونی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لێک دایەوە.

ناس کردنی دوفاکتۆ بە واتای ناسینی کاتی و بە مەبەستی دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسیی لە ئاستێکی نزم دایە.

چین ناوچەی تایوان کە لە ساڵی ١٩٤٩ ی زایینی لە کۆتایی شەڕی نێوخۆیی لەم وڵاتە دابڕا بە گوێرەی بنەمای چینی یەکانگیرو یەکدەست بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

واشێنگتۆن لە ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تایوان پچڕاند، کەچی بەردەوام ھەر وەک ھاوپەیمانی سەرەکیی ئەو ناوچەیەو دابین کەری سەرەکیی چەک و تەقەمەنیەکانی مایەوە. ئەمریکا بۆ بەڕێوەبەرایەتی کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایپە دوای ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان دوو وڵات (دامەزراوەی ئەمریکایی تایوان)ی پێک ھێنا.

 

 

سەرپەیڤ