شوبات 15, 2019 12:36 Asia/Tehran
  • زەریف: ڕۆژاواییەکان بەتایبەت ئەمریکا لە هەڵەکانی ٤٠ ساڵی رابردوویان تێبگەن

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئەگەر ڕۆ ژاواییەکان بەتایبەت ئەمریکا خێراتر لە هەڵەکانی ٤٠ ساڵی ڕابردوویان تێبگەن، ژیان بۆ خۆیان و ناوچەکە گەلێک هاسانتر دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "محەممەد جەواد زەریف" شەوی هەینی کاتی گەیشتنی بە ئەڵمان بۆ بەشداری لە پەنجا و  پێنجەمین کۆبوونەوەی ئاسایشیی مونیخ، کۆبوونەوەی دژە ئێرانیی "وەرشۆ"ی بە کۆبوونەوەیەک وەسف کرد کە تەنانەت پێش دەسپێبوونی شکستی هێنابوو و وتیشی: "بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی بە شێوەی فەرمی ڕایگەیاند کە لە وەرشۆدا بۆ شەڕ یەک دەگرنەوە لە کاتێکدا کە ئەو یەکگرتنەوەیە شکستی هێنابوو و هیچ دەسکەوت و ئاکامێکی نەبوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشکاوانە رایگەیاند: ئەمریکا بە سیاسەت و هەڵبژاردنە هەڵەکانی بۆتە هۆی ئەوەی "دۆناڵد ترەمپ" ڕابگەیەنێ ئەم وڵاتە حەوت تریلیۆن دۆلاری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین خەرج کردووە و هیچ دەسکەوتێکیشی نەبووە.

زەریف هەروەها وتی: لە پەنجا و پێنجەمین کۆبوونەوەی ئاسایشی موونیخدا سەبارەت بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕاستییەکانی ئێستای ناوچەکە قسە دەکات.

لە کۆبوونەوەی ئاسایشیی مونیخدا زیاتر لە ١٠٠ کاربەدەست و کەسایەتیی سیاسی، ئاسایشی و نێودەوڵەتی لەوان سەرانی وڵاتان، وەزیرانی دەرەوە، بەرەڤانی و ژمارێک کاربەدەستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران بڕیارە جگە لە وتاردان لەو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەدا، دیدار و چاوپێکەوتنی هەبێ لەگەڵ ژمارێک کاربەدەست و کەسایەتیی بەشدار لەو کۆنفرانس.