نیسان 18, 2019 14:39 Asia/Tehran
  • گرینگایەتی و پەیامی گەشتەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پاکستان بۆ ئێران

باڵوێزی پاکستان لە ئێران ڕایگەیاند: گەشتی «عمران خان» سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پاکستان بۆ تاران دەربڕی گرینگایەتیی وڵاتی دۆست و دراوسێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاکستانە.

«ڕەفعەت مەسعود» شەوی پێنج شەممە لە پەراوێزی بەرپاکرانی کۆڕەجێژنی ڕۆشنبیری و کلتووریی پاکستان بە بۆنەی ڕۆژی نیشتیمانیی ئەم وڵاتە لە تاراندا، لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران، پێی داگرت: گەشتەکەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان بۆ ئێران ھەڵگری پەیامێکی گرینگە بۆ جەماوەری ئێران و وڵاتانی جیھان.

باڵوێزی پاکستان لە ئێران وتیشی: پەیامی گەشتەکەی «عمران خان» بۆ تاران ئەمەیە کە ھەردووک وڵاتەکە دراوسێ یەکترن و لەم ڕووەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پاکستان گەلێک گرینگە.

«ڕەفعەت مەسعود» باڵوێزی پاکستان لە ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە یەکشەممەی داھاتوو سەرۆک وەزیرانی پاکستان بۆ یەکەمجار سەردانی ئێران دەکات وتیشی: سەرۆک وەزیرانی پاکستان گەشتەکەی بۆ ئێران لە شاری پیرۆزی مەشھەدی باکووری ڕۆژھەڵاتی ئێرانەوە دەست پێ دەکات.

باڵوێزی پاکستان لە تاران لە بارەی وردیاتی گەشتەکەی «عمران خان» ی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ ئێران وتیشی: سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەپاش زیارەتی گڵکۆی پیرۆزی ئیمامی ڕەزا(ع) و دیدارو وتووێژ لەگەڵ بەرپرسە جۆربەجۆرەکان لە مەشھەئی پیرۆز لەوانە پارێزکاری پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، شەوی دووشەممە سەردانی تاران دەکات و ڕۆژی دووشەممەش زنجیرە دیدارووتووێژێک لەگەڵ سەرۆک کۆمارو کاربەدەستانی باڵای دیکەی ئێران ئەنجام دەدات.

«ڕەفعەت مەسعود» باڵوێزی پاکستان لە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەروەھا پێشی داگرت کە: لە ڕەوتی سەردانەکەی عمران خان» ی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی بۆ ئێران، کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان بازرگانانی ھەردووکیش وڵات بە ھاوکاریی ژوورەکانی بازرگانی بە مەبەستی پەرە پێ دان و بەرز کردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و ئیسلام ئاباد بەڕێوە دەچێت.

 

سەرپەیڤ