ئاب 22, 2019 19:11 Asia/Tehran
  • خەڵاتی پێنج ملوێن دۆلاریی ئەمریکا بۆ  ئاشکرا کردنی سێ سەرکردەی داعش

ئەمریکا خەڵاتێکی پێنج ملوێن دۆلاریی دیاری کردووە بۆ ھەرکەس کە لە دۆزینەوەی سێ سەرکردەی ناوداری تاقمی تیرۆریستی داعش یارمەتییان بدات.

ئەمەریکا پێنج ملوێن دۆلار خەڵاتی دیاری کردووە بۆ هەرکەس کە لە دەستگیرکردنى سێ سەرکردەی داعش ھاوکارییان بکات.

لە روونکردنەوەیەکدا کە لە پێگەى تایبەتى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە کە، هەرکەس هاوکارییان بکات لە دەستگیرکردنى سێ سەرکردەی داعش بە ناوەکانی «ئەمیر موحەممەد سەعید عەبدولرەحمان مەولا»، «سامى جاسم موحەممەد جبورى» و «موعتەز نوعمان عەبد نایف نەجم جبورى»، بڕى پێنج ملوێن دۆلار پاداشتی دەدرێتێ.

ئەمیر موحەممەد سەعید عەبدولرەحمان مەولا بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش دادەنرێت و وەک وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا ئاماژەی بۆ کردووە، ناوبراو بەشداریى سەرەکىی ھەبووە لەو هێرشانەى کراوەتە سەر شنگال و ئێزدییەکان و سەرپەرشتى چەندین چالاکى ئەو رێکخراوەیەی کردوە و وەک یاریدەرێکى گەورەی ئەبوبەکر بەغدادى بە ئەژمار دێت.

«سامى جبورى»ش کە بە "حاجى حەمید" ناسراوە، کاروبارى دارایی ئەو رێکخراوەىەی بەڕێوە بردووە و چەندین پبەوپایەى دیکەشى هەبووە. ئینجا «موعتەز جبورى»ش پێشتر ئەندام بووە لە رێکخراوى تیرۆریستیی ئەلقاعیدە لە عێراق و بەشدارى چالاکییەکانى دروستکردنى بۆمب و کارە خۆکوژییەکانى کردووە.

ئەم بڕیارەى وەزارەتی دەرەوەى ئەمەریکا دواى ئەو مەترسیانە دێن کە باس لە دوبارە سەرهەڵدانەوەى ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە لە عێراق و سوریا دەکەن.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەیەکی بەریتانیش باسی ئەوەی کردووە کە  دۆخی تەندروستیی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش خراپەو ئەرکەکانی سپاردوە بەئەفسەرێکی عێراقی سەردەمی بەعس.

رۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە داعش، نووسیویەتی: ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش دۆخی تەندروستیی جێگیر نییە و توانای بەڕێوەبردنی ئەو گروپەی نەماوە و ھەر لەبەر ئەمە ئەرک و کارەکانی بە «عەبدوڵڵا قارداش» سپاردوە کە ئەفسەرێکی عێراقیی سەردەمی ڕژێمی بەعس بووە.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرای کردووە کە «عەبدوڵڵا قارداش» دوای ساڵی (2003) و لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بە تۆمەتی پەیوەندیی بە گروپی (ئەلقاعیدە) لە زیندانێکی بەسرە دەستبەسەر بووە و دواتر ئازادکراوە.

وەک رۆژنامەی (تایمز) باسی کردووە، مەبەستی بەغدادی لە دانانی قارداش بۆ رێکخستنەوەی گروپی داعشە لە روی سەربازیی و لۆجیستیکییەوە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ پلانی نوێی ئەو گروپە بۆ سەرهەڵدانەوەی.

سەرپەیڤ