تشرینی دووه‌م 29, 2019 08:20 Asia/Tehran
  • دیداری دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەشرەف غەنی

دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕەوتی گەشتە چاوەڕوان نەکراوەکەی بۆ ئەفغانستان چاوی بە «موحەممەد ئەشرەف غەنی» سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کەوت و وتووێژی لەگەڵدا کرد.

ترەمپ بە پاش دیداری لەگەڵ «موحەممەد ئەشرەف غەنی» سەرۆک کۆماری ئەفغانستان فەرمانی دەست پێ بوونەوەی دانوستان لەگەڵ تالیبانی دەرکرد.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستانی ئاشتیی ئەم وڵاتە لەگەڵ تاقمی تالیبان دەستی پێ کراوەتەوە.

دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ تالیبان لەپاش کوژرانی سەرکردەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە مانگی سپتامبەری ٢٠١٩ ھەڵپەسێردرا بوو.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەروەھا لە سەر ھۆگربوونی بۆ کەم کردنەوەی ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانیش پێی داگرت.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی ھەینی لە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەندراودا بۆ بەسەر کردنەوەی ھێزەکانی ئەمریکی گەییشتە وڵاتی ئەفغانستان.

ترەمپ لە ڕەوتی سەردانەکەی بۆ ئەفغانستان بنکەی لەشکریانی ئەمریکی لە بەگرامی بەسەر کردووەتەوە کە گەورەترین بنکەی ئەم وڵاتە لە ئەفغانستاندا دێتە ئەژمار.

پەرەسەندنی بشێوی و چالاکیی تاقمە تیرۆریستەکان لە ئەفغانستان لە کاتێکدایە کە ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە ساڵی ٢٠٠١ەوە بە بیانووی خەباتی دژی تیرۆریزم و چەسپاندنی ئاسایشت لە ئەفغانستان لەم وڵاتەدا ئامادەن.

بە پێی ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی کابۆل ، ئامادە بوونی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان تەنیا بووەتە ھۆی پەرەسەندنی بشێوی و ناپاوەجێیی و تیرۆزیزم و بەرھەمھاتنی زیاتری ماددەی ھۆشبەر لەم وڵاتە.

سەرپەیڤ