May 27, 2020 12:35 Asia/Tehran
  • سێھەمین نەوتبەری ئێران گەییشتە نزیکی ناوچەی تایبەتیی ئابووریی ڤەنزۆئیلا

سێھەمین نەوتبەری ئێرانیی ھەڵگری سووتەمەنی گەییشتە ئاوەکانی ڤەنزۆئیلا

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز، سێھەمین نەوتبەری ئێران بە ناوی «پتۆنیا» و بە ئاڵای ئێرانەوە،وێڕای وەدووکەوتنی نەوتبەرەکانی «فۆرچون»و«فارست»، ڕۆژی دووشەممە بە پەڕینەوە لە ئەقیانووسی ئەتڵەس گەییشتە کارائیب.

نەوتبەرەکانی «فۆرچون»و«فارست» بەرلەمە گەییشتبوونە ئاوەکانی ڤانزۆئیلاو ھێزی دەریایی ڤەنزۆئیلاش ھەتا گەییشتن بە بەندەرەکان پاسەوانییان لێ کرد بوون.

نەوتبەرەکانی «فۆرچون»و«فارست» کە ڕۆژی دووشەممە گەییشتبوونە ئاوەکانی ڤەنرۆئیلا، گەیاندنی سووتەمەنی بە پاڵاوگەی «ئێل پالیتۆ» لە ئیالەتی «کارا بوبو»لە باکووری ڤەنزۆئیلایان دەست پێکرد. ئەم کارە وەک بەشێک لە ڕێککەوتننامەکانی ھاوکاری و بەھێزکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان دوو وڵات ئەنجام دەگرێت.

جێگری سەرۆک کۆماری ڤەنرۆئیلا بۆ بەشی ئابووری کە لەکاتی گەییشتنی نەوتبەرەکانی ئێران بەشداری ئاھەنگێک لە «ئێل پالیتۆ»  بوو، وێڕای ستایشی یارمەتی دانەکەی ئێران، وتی: گەلێک خۆشحاڵین کە لەم دۆخەدا ئێران لە تەنیشتی خۆماندا دەبینین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاراستەی داکۆکیی ئابووری لە ڤەنزۆئیلای ھاوپەیمانی، پێنج پاپۆڕی ھەڵگری سوتەمەنیی لە ڕێگای تەنگەی «جەبەل تاریق» و ئاوە ئازادەکانەوە بەرەو ڤەنزۆئیلا ناردووە.

ئەمریکا لەماوەی مانگەکانی ئەم دواییە بە ھەڕەشەو سەپاندنی بایکۆت و گوشاروگەمارۆی ئابووریی ڤەنزۆئیلا ھەوڵی داوە دەوڵەتی یاسایی ئەم وڵاتە کە ھەڵوێستێکی دژە ئەمریکیی ھەیە بڕوخێنێ. ھەوڵدانێک کە قەت سەری نەگرتووە.