ئاب 17, 2017 13:18 Asia/Tehran
  • ڕازی بوونی وەزارەتی دەرەوەی ئێراق بە کرانەوەی کۆنسولخانەی عەرەبستان لە نەجەف

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوی ئێراق وتی: وەزارەتی دەرەوەی ئێراق ڕازی بووە بە جێبەجێ کردنی داخوازەکەی عەرەبستان لەمەڕ کردنەوەی کۆنسولخانە لە نەجەفی ئەشرەف.

ئەم بەرپرسە ئێراقییە کە نەیویست ناوی لە قاو بدرێ ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژ لەگەڵ کەنالی تەلەڤزیۆنیی  ئەلجەزیرەی عەرەبیدا ڕاشکاوانە رایگەیاند: عەرەبستان داخوازی کردنەوەی کۆنسولخانە لە نەجەفی بە شێوەی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراق کردووە و ئێستایش ئەو داخوازە قەبووڵ کراوە.

مێدیاکان ڕاپۆرتیان دا لە سەفەری ئەمدواییەی "موقتەدا سەدر" سەرۆکی ڕەوتی سەدی ئێراق بۆ عەرەبستان، دوولایەن سەبارەت بە کرانەوەی کۆنسولخانەی ئێراق لە نەجەف هەڵکەوتوو لە باشووری ئەم وڵاتە بیر و ڕایان گۆڕیوەتەوە.

پێشتر ، دەوری باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سەعوودی لە ئێراق لە چوارچێوی قازانج و بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەم وڵاتەدا نەبوو، "سامر سەهبان" کە باڵیۆزی عەرەبستان لە بەغدا بوو، لەبەر خۆوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێراق لەم وڵاتە وەدەر نرا.

 باڵیۆزی پێشووی عەرەبستان لە بەغدا بەردەوام هێزەکانی بەسیجی جەماوەریی ئێراق ناسراو بە حەشدی شەعبی تۆمەتبار کردبوو بە ئەنجام دانی کردەوەی سەرەڕۆیانە.

ژێدەرە جۆربەجۆرەکانی ئێراق باسی لە ئارادا بوونی هەندێ بەڵگەی سەلمێنەری  پێوەندیی "سامر سەهبان" لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی داعشیان کردبوو.

"حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیران و "ئیبراهیم جەعفەری" وەزیری دەرەوەی ئێراقیش ناڕەزایەتیان دەربڕیبوو بەرامبەر بە خۆوەردانەکانی سامر سەهبان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەیاندا.