نیسان 14, 2018 01:46 Asia/Tehran
  • مەبعەس، بەهاری ترین وەرزی گێتییە

سڵاو لەمەبعەس، جێژنی گەورەی ڕزگاری مرۆڤ لە نەزانی، جێژنی کۆتایی بێ هیوایی، جێژنی دیاریکرانی داد و ستەم، جێژنی ڕێنموونی وەرگرتن.

بیست و حەوتەمی مانگی ڕەجەب، ڕۆژی سەلماندنی دەسەڵاتی خودایە لەسەر جیهانی هەستی واتە ڕۆژی مەبعەسی ڕەسووڵی خاتەم (د.خ). ڕۆژێک کە چرۆی نەبووەت و پێغەمبەرایەتی شکۆفایەوە و باخی ڕیسالەت بە بەر گەیشت و دڵە پاک و ڕووناکەکەی محەمەد (د.خ) بووە لانکی ناو و وتەی خودا و هەروەها ئایینی ئیسلام.

قورئانی پیرۆز وەکوو منەتێک لەسەر مرۆڤ، باسی ئەم بابەتە دەکات و لە ئایەتی 164ی سووڕەتی ئالی عیمراندا دەفەرموێ: " خودا منەتی نایە سەرشانی بڕواداران کە پێغەمبەرێکی لە نێوان ئەواندا هەڵبژارد کە ئایەتەکانیان بۆ بلێتەوە و خاوێنیان بکاتەوە لە هەرچەشنە گوناهێک و هەروەتر فێری کتێب و زانیارییان بکات. ئەگەر چی پێش ئەوە لە گومڕاییەکی ئاشکرادا بوون." سوپاسی خودا دەکەین و ڕێزیش دەگرین لە ڕۆژی گە یشتنی مرۆڤ بە هەرێمی ڕووناکایی و ناسیاری".

ئەو کاتەی وا ڕەسووڵی خودا (د.خ) گەیشتە تەمەنی چل ساڵان ، خودا دڵی ئەو بەڕێزەی بە باشترین و بێگەردترین دڵی دونیا دیتەوە. بۆیە لە پێناو ڕێشاندانی خەڵک هەڵیبژارد. لەم حاڵەدا ڕەحمەتی خوداوەند داباری. محەمەد (د.خ)جبرەئیلی لە نێوان تیشکێکدا بینی کە لە ئاسمانەوە بەرەو لای دەهات. جبرەئیل گەیشتە لای و شانەکانی حەزرەتی گرت و گوتی: یا محەمەد، بخوێنە، وڵامی دایەوە چی بخوێنم؟ جبرەئیل گوتی: اقراء باسم ربک الذی خلق .... بخوێنە بەناوی پەروەردگارت کە خولقاندی. جبرەئیل ئەوەی لە لایەن خوداوە وەری گرتبوو بە محەمەدی وەحی کرد و گەڕایەوە بۆ ئاسمان.

بیعسەت بە مانای هەڵبژێردرانە و دەستە واژەیێکیشە بە واتای نێردرانی ئینسانێک لەلایان خوداوە بۆ ڕێشاندەریی خەڵک. ڕەسووڵی خۆشەویستی ئیسلام گرینگترین ئامانجی بیعسەتی بە تۆکمە بوونی ئاوەز و ئاقڵ زانیوە چوونکە پاوەجێ بوونی ڕەوتی تاقانە پەرەستی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، تەنیا لە ڕێگای بردنەسەری ئاستی ئاوەزەکان دەستەبەر دەبێت. ئینسانێک کە لە دەروونی خۆی تێنەگەیشتبێت، سەری کڕنۆش بۆ داروبەرد و قوڕ دادەنەوێنێ، بەڵام مرۆڤی بەئاوەز کە لە سەرچاوەی هەستی تێگەیشتووە، سپاسی خولقێنەری ئەو شتانە دەکات. ئەو بەڕێزە لە حەدیسێکدا فەرموویەتی: " خودا هیچ پێغەمبەر و ڕەسووڵێکی هەڵنەبژارد مەگەر بۆ ئەوەی ئاوەزەکان تۆکمە بکات – ئاقڵەکان بە لووتکەی تێگەیشتن بگەینێت – هەر لەم سۆنگەوە دەبێ ئاوەزی ئەو لە ئاقڵی ئوممەتەکەی سەرتر و زیاتر بێت."

ئینشائەڵڵا هەموومان لە شوێنکەوتووانی ڕاستەقینەی پێغەمبەری ڕەحمەت حەزرەتی محەمەد (د.خ) بین.

 

 

سەرپەیڤ