ئه‌یلوول 18, 2018 20:56 Asia/Tehran
  • ماڵئاوا پیاوە دەنگخۆشەکەی بەیت و نەقڵ و حەیران

دوێنێ دوشەممە 26 ی خەرمانانی 1397 ی هەتاوی ، ئەو پیاوەی کە تەمەنێک بە نەقڵ و نەزیلە و بەیت و حەیران وگۆرانیەکانی دڵی خەڵکی شاد دەکرد ، دڵی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە بێدەنگ بوو .

رەسوڵی نادری هەر لە تەمەنی 15 ساڵیەوە لە کۆڕەکانی بەزمی ئاوایی ئوزنتاشی مەهاباد پێی نایە بواری هونەری فۆلکلۆریک و نێو و نێوبانگی بەرەبەرە گوندەکانی دەوربەر و لە پاشان ناوچەی مەهابادی گرتەوە و بۆ زیاتر لە حەفتا ساڵ لەم بوارەدا کاری کرد و نەک هەر لە دەڤەری موکریان بەڵکوو لە نێو هەموو کوردان ناسرا .

گۆرانی و حەیران و بەیت و نەزیلەکانی رەسووی نادری  کەوتوونە سەر زاری شوان و وەرزێر و جوتیار و پاڵە و رەنجدەران و ساڵانێکە لە  دەشت و دەر و چیاکانی کوردەواری لە گەڵیاندا دەژین .

رەسووی نادری لە قسەزانی و حازر جوابی دا بێ وێنە بوو و ئەو چیرۆک و حەکایەت و نەقڵ و نەزیلانەی ئەو بە شێوەی زارەکیی گوتوونی و بەشێکیان تۆمار  کراون ، ئەگەر خۆی بەشێوەی نووسراو بڵاوی کردبانەوە ، بێ گومان ئێستا  وەک تەنزنووسێکی گەورەی کورد دەناسرا .

 رەسووی نادری کەسێکی قسەخۆش و گفت جوان و رەزاسووک بوو و لە هەر کۆڕێک ئامادە بوایە ، خەم و پەژارە لەو کۆڕە باری دەکرد . بیرەوەریەکانی لە بەندیخانە و بەسەرهاتەکانی سەفەر و راو وشکارەکانی ، هەر کام داڕشتێکی زۆر جوان و دڵگری هەیە و ساڵانێکی زۆر ئەو کاتانەی وەک ئێستا سەتەلایت و تەلەفزیۆن و مۆبایل نەبوو ، خەڵکی لە کۆڕ و کۆبوونەوەی شەوانی پاییز و زستاندا گوێیان بۆ شل دەکرد و خەمیان دەڕەواند .

 بازنەی هاوڕێیانی رەسووی نادری زۆر گەورە و بەرفراوان بوو . هەر لە کەسانی ئاسایی کوچە و کۆڵان و شار و لادێوە بگرە تا کەسایەتیە ناسراوەکانی بواری هونەر و فۆلکلۆری کوردی وەک سەید عەلی سەردەشتی ، عەلی گڵەنانی ، برایمی قادری ، محەمەدی ماملێ ، حاجی عەبەنەنێی سەردەشتی ، کانەبی و ....  

یادی سەوز و بەخێر بێ .