ئه‌یلوول 21, 2018 21:34 Asia/Tehran
  • ئیمام سەجاد درێژە پێدەری بزووتنەوەی حسێنی(ع)

ئیمام سەجاد(ع) کوڕی ئیمام حسێن و لەنەوەکانی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلامە. ئەوحەزرەتەدوای شەهادەتی باوکی لەڕووداوی کەربەلادا ڕۆڵێکی گرینگ و چارەنووس سازی گێڕا. ئیمام سەجاد (ع) لەکاتی ڕووداوی کەربەلا دا تەمەنی نزیکەی24 ساڵ بوو. ئەو حەزرەتە سی وچوار ساڵ لە پاش ئەم ڕووداوە ژیا و لەدرێژەی ئەم ماوەیەدابە وەئەستۆ گرتنی ڕێبەرایەتی ئۆممەتی ئیسلام بە شێوەگەلی جۆربەجۆر لەدژی زوڵم و نەزانی خەباتی کرد.

لەمیانەی ئەم خەباتە دا ئەوەی کە زیاتر لە هەمووشتێ لە ڕەوشتی ئیمام سەجاد دا بەرچاو دەکەوێ بە زیندوویی ڕاگرتنی یادی ڕاپەڕینی کەربەلا و ڕاگەیاندنی پەیامی ئەم بزووتنەوە مەزنەیە. ئیمام سەجاد (ع) لە ساڵی 95ی کۆچی مانگی لەوەهاڕۆژێک دابەفەرمانی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک حاکمی ئەمەوی بە پیلانێک دەرمان داو کرا و شەهید بوو. بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهادەتی ئەم ئیمامە بەڕێوەوە سەرەخۆشی لەهەموولایەکتان دەکەین. لە ڕۆژی عاشوورا دا دوای شەهادەتی ئیمام حسێن (ع) لەشکریانی یەزید چوونەسەروەختی عەلی ئیبنی حوسێنەوە.ئەو نەخۆش بوو لە جێگادا کەوتبوو لەبەر ئەوەی کە فەرمانیان پێ درا بوو هەموو پیاوانی بنەماڵەی حسێن بکوژن ، ویستیان عەلی ئیبنی حوسێنیش بکوژن ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە بە نەخۆشی دیتیان وازیان لێ هێنا. بێ گومان نەخۆش کەوتنی ئیمام سەجاد (ع) لەڕۆژی عاشورادا حیکمەتێکی خودایی تێدا بووەتائەو بۆ درێژە دان بەڕێگای باوکی زیندوو بمێنێ. بەسەرنجدان بە هەل ومەرجی دژوار و پڕ لە تووندوتیژی کەلەپاش ڕووداوی عاشووراو شەهادەتی ئیمام حسێن (ع) بە دی هات، پێ وشوێن گرتنی ئەرکی ئیمامەت دژوار و سەخڵەت بوو. دوای ئەو ڕووداوە ئیمام سەجاد(ع) لەگەڵ کاروانی یەخسیران و لە پەنا پووری بەڕێزی حەزرەتی زەینەب (ع) شاربەشار بەرەو شام ناوەندی حکومەتی یەزید بردرا. هەر لەو ڕۆژانەی دوای ڕووداوی کەربەلا ئیمام سەجاد(ع) هەوڵی دا تا پەیامی بزووتنەوەکەی باوکی ئیمام حسێن (ع) بە گۆمەڵگای مرۆڤایەتی بگەیەنێ. گەرچی خەمی شەهادەتی باوک و هاوڕێی ئەمەگدارەکانی ئیمام حسێن (ع) لەسەر دڵی ئیمام سەجاد بوو، بەڵام بەڕێزیان بە ژیری و وردبینی و ورەیەکی قایم هەر دەرفەتێکی دەست کەوتبا باسی گەورەیی ئەهلی بەیتی پێغەمبەری دەکرد. بەم جۆرە قۆناغێکی دیکەی بزووتنەوەی کەربەلا بەڕێبەرایەتی ئیمام سەجاد (ع) بەمەبەستی چەسپاندنی بنەما فکرییەکانی ڕاپەڕینی ئیمام حسێن(ع) دەستی پێ کرد. لەمێژوودا تۆمار کراوە ئەو کاتەی کە کاروانی یەخسیرانی کەربەلایان هێنا بۆ کووفە ئەوحەزرەتە کەخۆی یەک لە یەخسیران بوو، بە زمانێکی پاراو باسی حەقانییەتی ڕێگای ئیمام حسێنی بۆ خەڵکی کوفە کرد. ئیمام لە وتەکانی خۆی دا ماڵباتی پێغەمبەری بە نیشانەی دادوەری ، پاڕێزکاری و ڕزگاری زانی .ئەوکات ڕوولە وجدانە خەوتووەکان وتی: ئێوە لە ڕۆژی پەسڵان دا چۆن لە ڕووتان هەڵدێ چاو لە پێغەمبەری خودا (د.خ) بکەن ،ئەوکاتەی کە بە ئێوە بڵێت ئێوە ڕۆڵەی منتان کوشت و حورمەتی منتان ڕانەگرت . لە شامیش ئیمام وەها سەرنج ڕاکێش و پاراو وتەی دەدا کە پڕۆپاگەندەی ئەمەوییەکان دژی ماڵباتی پێغەمبەر دەبووە بڵقی سەرئاو. ئیمام سەجاد (ع) بە باس کردن لەسەر مەزنایەتی ئەهلی بەیت و ڕاست بوونی ڕێگای باوکی دانیشتوانی ناوکۆڕی یەزیدی بەتووندی خستنەژێر کارتێکەری خۆیەوە بەجۆرێک کە یەزید ناچار بوو بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای دانیشتوان لەبابەتەکە دەس بداتە فێڵێک، ئەو بۆ بڕینی وتەکانی ئیمام سەجاد فەرمانی دابانگ بدەن. ئیمام سەجاد (ع) ڕوو لە یەزید فەرمووی: ئایا محەممەد باپیرەی منە یان باپیرەی تۆ؟ ئەگەر بێژی باپیرەی تۆیە حاشات لەحەقی من و درۆت کردووە، وئەگەر بڵێی کە باپیرەی منە ئەدی بۆ ڕۆڵەکانی ئەوت کوشت؟ بە ڕوون کردنەوەکانی ئیمام سەجاد (ع) و دەرکەوتنی ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمەوییەکان یەزیدهیچ ڕێگایەکی بۆ نەمایەوە جگەلەوەی زۆر بەخێرایی کاروانی یەخسیرانی کەربەلا لەناوەندی حکوومەت دوور خاتەوە. هەر بۆیە ئەوانی گەڕاندەوە بۆشاری مەدینە . بەمجۆرە بەشێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئیمام سەجاد لە شاری مەدینە پێ و شوێن گیردرا. لەوسەردەمەدا کۆمەڵگەی ئیسلامی لەڕووی بیروباوەڕولە ڕووی فیکرییەوە تووشی قەیران ببوو. ئەمەوییەکان دوای ڕاپەڕینی کەبەلا ئاشکرا و بێ شەرمانەترلە ڕابردوو زوڵمیان دەکرد و پەرەیان بەگەندەڵی دەدا. حکومەتی ئەمەوی هەوڵی دەدا خەڵک بە کاروباری ناپێویست و لاوەکییەوە خەریک بکات. بەڵام ئیمام سەجاد (ع)بزووتنەوەیەکی ڕێک وپێکی بۆ ڕوون کردنەوەی بنەمافکرییەکانی ئیسلام دەست پێکرد و هەوڵی دا تا موسوڵمانان لە ڕاسپێرییەکانی دین ئاگادار بکاتەوە. ئیمام سەجاد بۆ بڵاوکردنەوەی یاساکانی ئیسلام وبابەتە ئەخلاقییەکان هەوڵێکی زۆری دا. نموونەیە ک کە لەفێرکارییە ئەخلاقییەکانی ئیمام سەجاد بەیادگار ماوەتەوە کۆمەڵە نووسراوێکە بەناوی (ڕسالەی حقوق) کەئیمام لەودا ئەرک و مافەجۆربەجۆرەکانی مرۆڤی چ لەبەرانبەر خودا و چ بەرانبەر بە خۆی و خەڵکی دیکە دیاری کرد. شێوازێکی دیکەی ئیمام سەجاد (ع) بۆ ڕاگەیاندنی بنەماکانی دین دوعای پڕناوەڕۆک و جوان بوون. ئەم شێوە بەیانە زۆر سەرنج ڕاکێش بوو و مڕۆڤە خاوەن هزرەکانی بەرەولای خۆی ڕادەکێشا. "سەحیفەی سەجادییە" کۆکەڵە دوعا و گازەی ئیمام سەجادە کەبە گەنجینەیەکی بەیاخی هزرو ئەندێشە و مەعاریفی ئیسلامی لە قەڵەم دەدرێ. ئیمام سەجاد(ع) لەڕێگای گازە و موناجاتەوە باشترین ڕێگای ژیانێکی بەختەوەرانەی بەخەڵک نیشان داوە. یەک لە ڕێنمونییە گرینگەکان لەم دوعا و گازەیە دا خەبات دژی زوڵم و ستەم وتێکۆشان بۆ دامەزراندنی دادوەری و پەرەپێدانی بایەخە ئەخلاقی وئینسانییەکانە. ئیمام سەجاد لەدوعایەکدا دەفەرموێ: خودایائەوەندە توانامان پێ ببەخشە تا سوننەتەکانی پێغەمبەر بپاڕێزین و لەدژی بیدعەتەکان خەبات بکەین و خەڵک هان بدەین بۆ چاکە کاری و لایان بدەین لە خراپە. ئیمام سەجاد (ع) لەنێو کۆمەڵگادا بە دەهندەیی ، دڵۆڤانی و بە تەنگەوە بوونی خەڵک ناوبانگی دەرکردبوو. هەستی هاودەردی ئیمام لەگەڵ خەڵک وئەوینی خزمەت بەوان بە جۆرێک بوو کە بەڕێزیان تەنانەت شەوانە بەکۆڕێک خورد و خۆراکەوە دەچووە بەردەرگای هەژاران و وەک کەسێکی نەناس یارمەتی ئەوانی دەدا. ئەم بابەتە نیشانی داکە چالاکی فیکری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئیمام سەجاد (ع) هەرگیز ڕێگای لە کردەوەی ئینسان دۆستانە و ئەخلاقی ئەو نەگرتووە. وێڕای سەرەخۆشی دووبارە بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهادەتی ئیمام سەجاد(ع) وتەیەکی جوانی ئەو حەزرەتەتان پێشکەش دەکەین: "زمانتان لە جنێو بپارێزن و فێری وتەی جوانی بکەن ، لەقسەیەک کەقازانجی تێدانییە خۆ بپاڕێزن و بەردەوام باسی چاکەی خەڵک بکەن".