ئاب 18, 2018 16:43 Asia/Tehran
  • سی ئێن ئێن: ئەو بۆمبەی قوتابیانی یەمەنی خەڵتانی خاک و خوێن کرد، چێکراوی ئەمریکا بوو

کەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریکا لەڕاپۆرێکدا ڕایگەیاند، بۆمبی بەکارهاتوو لەلایەن هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن کە لەناوچوونی پاسێکی قوتابخانە لەو وڵاتەو کوژرانی چل قوتابی لێکەوتەوە، چێکراوی ئەمریکا بوو و لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی چەکئامێریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕادەستی عەرەبستان کرابوو.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ کەناڵی سی ئێن ئێن کە بەهاوکاریی پەیامنێرانی یەمەنی و کارناسانی تەقەمەنییەکان لەو بارەوە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی ئەنجام داوە، ڕاپۆری دا کە ئەو چەکئامێرانە کە بوونەهۆی کوژرانی چل قوتابی یەمەنی لە پارێزگای سەعدە، بۆمبێکی٢٢٧کیلۆگرامی هیدایەتی لەیزری ناسراو بە"MK 82" چێکراوی کۆمپانیای ئەمریکی لاکهید مارتینی ئەمریکا بووەو ئەمریکا، ڕادەستی عەرەبستانی کردبوو.

ئەو بۆمبە زۆر لەو بۆمبە دەچێ کە لە ئۆکتۆبری٢٠١٦ ڕێوڕەسمێکی تازیەباریی لە سەنعای کردە ئامانج و بووە هۆ هەتا ١٥٥ کەس بکوژرێن و بەسەدان کەسی دیکەش بریندار بن.

ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ڕاپۆری ساڵی٢٠١٦ی خۆی لەبارەی شەڕی یەمەن هێزەکانی هاوپەیمانی بەسەرکردایەتی عەرەبستانی سەعوودی ، بەبەرپرسی بەشی زۆری قوربانیانی سیڤیلی شەڕی یەمەن زانی بەڵام تەنیا چەند ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرەو ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕیاز لەحاندیدا، ڕێکخراوی نەتەوەکان بە کشانەوە لە هەڵوێستەکانی، "عەرەبستانی بەشێوەی کاتی لە پێڕستی ئەنجامدەران وهۆکارانی کوشت وبڕی منداڵانی یەمەنی" دەرخست.