خۆشڕوو: ئەمریکا ناتوانێ جەنایەتی دژ بە منداڵانی فەلەستینی پاسا بداتەوە
نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان وتی: ئەمریکا ناتوانێ جەنایەتەکانی ڕژێمی ئیسراییل دژ بە منداڵانی فەلەستینی پاسا بداتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا لە نیۆیۆرکەوە :"غوڵامعەلی خۆشڕوو" ئێوارەی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە تەرخان درابوو بە مەسەلەی فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی ناڤین، داوای لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی کرد ڕێگا نەدەن زۆربێژی و زۆرەملی نواندنی ئەمریکا و جەنایەتەکانی زایۆنییەکان مافەکانی گەلی فەلەستین بنپێ بکات.
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی؛ باروودۆخی فەلەستین ڕووی لە خراپی ناوە و تەنیا لە خۆپیشاندانی هەفتانەی مافی گەڕانەوەی فەلەستینییەکاندا، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسیش بریندار بوونە.
خۆشڕوو وتیشی: ئەوەی خۆپیشاندەرانی فەلەستینی دەیانهەوێ، گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و دابین کرانی مافی ئاسایی و ڕەوای خۆیانە.
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژە داوتی: ڕژێمی ئیسرایل ئەو خەڵکە دەکوژێ لەبەر ئەوەی کە فەلەستینین؛ لەبەر ئەوەی کە هیچ مافێک تەنانەت مافی ژیان بۆ ئەو خەڵکە بە ڕەوا نازانێ ، ئەوەش ئەنجامی ٧٠ ساڵ زوڵم و زۆر لە فەلەستینییەکانە کە بە داکۆکیی ئەمریکا و لەبەر کەمتەرخەمیی ئەنجومەنی ئاسایش هەر درێژەی پێ دراوە.
خۆشڕوو بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا ٤٤ بڕیارنامەی دژ بە ئیسراییلی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا ڤیتۆ کردووە، راشیگەیاند: ئەم ناوەندە نزیکەی ٣٠٠ بڕیارنامە سەبارەت بە پرسەکانی هاوپێوەند بە فەلەستینی پەسەن کرد بەڵام ئیسراییل هەموو ئەوانەی بنپێ کردووە.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، تەنیا نوێنەرانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی سوور و پێداگر بوون لە سەر سیاسەتە یەکلایەنەخوازانەکانیان و ئەندامانی دیکە هەر هەموویان جەختیان کرد لە سەر پێویستیی بایەخ دران بە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، خۆدوور گرتن لە یەکلایەنەخوازی، پێداگری لە سەر ڕێگاچارەی دوو دەوڵەت بە پێتەختیی قودس و پێویستیی یارمەتیدانی ڕێکخراوی فریاگوزاری و کاردیتنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان (ئانڕووا).