کانونی یه‌که‌م 12, 2018 14:07 Asia/Tehran
  • لەمپەر قوت کردنەوەی سەعودییەکان لە سەر ڕێگای ئاشتیی یەمەن

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، مەرجەکانی نالۆژیکانەی شاندەکەی ڕیازی لە دانوستانی ئاشتیی سویید بە نیشانەی بڕیاری سەعودییەکان بۆ بەردەوام کردنی شەڕی دژی یەمەن زانی.

عەلی قەحوم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ھەواڵدەریی میھر، وێڕای ئاماژە کردن بە ھاتنە ئارای مەرجەکانی نالۆژیکانەی شاندەکەی ڕیاز لە ئاراستەی وەدی ھاتنی ئەوەی وا ھاوپەیمانیی سەعودی لە ڕێگای سەربازییەوە پێی نەگەییشتووە،وتی: ئامانجی سەعودیەکان لە ھێنانە ئارای ئەم مەرجانە کە دیارە لە ھیچ ھەل و مەرجێکدا جێگای قەبووڵی شاندەکەی سەنعا نییە، لە ڕاستی دا لەمپەر قوت کردنەوە لە بەردەم پێکھاتنی دەوڵەتی گواستنەوە لە قۆناغی ئێستادایە.

قەحوم، کشانەوەی ھێزەکانی یەمەن لە حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەنی وەک گرینگترین مەرجی نالۆژیکانەو مەحاڵی شاندەکەی ڕیاز باسکردو لە سەر پێشنیارەکەی شاندی سەنعا وەکوو داخوازیی تەواوی چینەکانی خەڵکی یەمەن پێی داگرت کە بریتین لە، دەرباز بوون لەم دۆخەی ئێستا، پێکھاتنی دەوڵەتی گواستنەوە بە ھاوبەشیی تەواوی چین و باڵە سیاسییەکانی یەمەن دوای ڕاگیردرانی دەست درێژکاریی سەربازی و کۆتایی ھاتن بە گەمارۆکانی سەر یەمەن.

عەلی قەحوم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، درێژەی شاڵاوی سەربازیی ھاوپەیمانیی سەعودییەکان ھاوکات لەگەڵ بەردەوام کرانی دانوستانی ئاشتی لە سوییدی بە دەربڕی سوور نەبوونیان لەمەڕ کۆتایی ھێنان بە شەڕو گەمارۆکانی سەر یەمەن زانی و ڕاشکاوانە جەختی کرد: ھاوپەیمانیی سەعودی بە پاڵپشتیی ئەمریکا ھەروا لە ڕێگای بەردەوام کردنی سیاسەتی دەست درێژکارانەی خۆی دژی یەمەن بە نیازی تاڵان کردنی سامانەکانی ئەم وڵاتەیە.

چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە ڕۆژی پێنج شەممە شەشەمی دیسامبرەوە بە ئامادە بوونی لایەنەکانی یەمەنی ھاوڕێ لەگەڵ مارتین گریفیتس نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ئستۆکھۆڵمی سویید بۆ ماوەی حەوتەیەک دەستی پێ کراوە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

 

سەرپەیڤ