شوبات 23, 2019 19:32 Asia/Tehran
  • ئامانجەکانی سەفەری بن سەلمان بۆ چین

"محەممەد بن سەلمان" شازادەی جێنشینی سەعودی پاش سەفەر بۆ پاکستان و هیندستان، لە سێهەم ئامانجی ئاسیایی خۆی، سەفەرێکی دوو ڕۆژەی بۆ چین بووەو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دیدار و وتووێژی کردووە.

سەفەری محەممەد بن سەلمان بۆ چین، یەکەم سەردانی فەرمیی ناوبراو بۆ ئەو وڵاتەیە. بەرلەوە، مەلک سەلمان، پاشای عەرەبستان سەردانی چینی کردبوو. "گریگولی کاساچ" مامۆستای زانکۆی ڕووس دەڵێ: "بەسەرنجدان بەوەی کە، پاشای عەرەبستانیش لە ساڵی٢٠١٧ سەردانی چینی کردووە، گەشتی ئێستای بن سەلمان بۆ پیکەنیش پێشاندەری ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەیی عەرەبستان بەرەو ڕۆژهەڵات سوڕاوە."

بەگشتی دەکرێ بگوترێ، سەفەری پاشمیری عەرەبستان بۆ چین، ئامانجی  ئابووری و سیاسی بووە.

لەباری ئابورییەوە، چین زلهێزێکی ئابورییەو دەوری بڕیارچیکەری لەبواری ئابوریی جیهانیدا هەیە. لەڕاستیدا، ئەگەرچی چین لە ئەنجومەنی ئاسایش مافی ڤیتۆی هەیەو لە دەسەڵاتە سەربازییەکانی جیهانە، بەڵام دەورگێڕانی پیکەن لەسیستەمی جیهانیدا زیاتر لەهەمووان گرێدراوی دەسەڵاتە ئابوریەکەیەتی.

لە سەفەری بن سەلمان بۆ چین، ئامانجە ئابوریەکان لایەنێکی پڕرەنگی بوو. عەرەبستانی سەعودی گەورەترین بەرهەم هێنەری نەوتی جیهان و چینیش گەورەترین بەکارهێنەری نەوتی عەرەبستانی سەعودییە. لەو سەردانەدا بەڕێوەبەرانی بالای ئارامکۆ، محەممەد بن سەلمانیان هاوڕێتی کرد. پاشمیری عەرەبستان لەو سەردانەدا وێڕای ئەوەی هەوڵی دا بوار بۆ فرۆشی نەوتی زیاتر بە پیکەن خۆش بکات، سەرمایەنانەوە لە بەشی پاڵاوتگەیی چینیشی لەبەرچاو گرتووە.

جیاوازیەکی ئاشکرا کە لەنیگای ئابووریی بن سەلمان بۆ پاکستان لەگەڵ نیگا بەرامبەر چین و هیندستان هەیە، ئەوەیە کە ڕوانگەی ئابووریی بن سەلمان بە پاکستان لەجۆری "یارمەتی" و"دزە" لە ئیسلامئابادا بوو، بەڵام نیگای ئابوری بە چین و تاڕادەیەکیش هیند لەجۆری "سەرمایەنانەوە" و"ڕاکێشانی داکۆکی سیاسی" بوو.

لەباری سیاسییەوە، پاشمیری سەعودی باش ئاگاداری ئەوە بوو کە چین لەو وڵاتانەیە کە پەیوەندی شیاوی ئابوری و سیاسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. ئەگەرچی لەسەفەری بن سەلمان بۆ چین، ئامانجی دژە ئێرانی ناوبراو بەئاشکرا نەهاتە ئاراوە، بەڵام لە زاتی ئەو سەفەرەو هەروەها لە زاتی ئامانجە ئابوریەکانی ناوبراو لە چین، نیگای دژە ئێرانی هەبووە. بەم حاڵەشەوە، بەرپرسانی چینی تەنانەت پێش سەفەری پاشمیری سەعودی بۆ پیکەن پەیامێکی ناڕاستەوخۆیان بەناوبراو دا کەئامانجە دژە ئێرانیەکان لەچین پێوشوێن نەگرێ چونکە پەیوەندییەکانی پیکەن لەگەڵ تاران، پەیوەندییەکی ستراتژیکە. هەرلەو ئاراستەدا، "وانگ ئی" ڕاوێژکاری حکومەتی چین سێ شەممەی ڕابردوو واتە دوو ڕۆژ پێش سەفەری بن سەلمان بۆ پیکەن، لەدیدار لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: "بەنیازم لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرم و لەگەڵ دۆست و برادەری لەمێژینەم جەخت بکەمەوە لەسەر پەرەی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی متمانەی ستراتژیکی نێوان وڵاتەکانمان و متمانە بدەم کە پێشکەوتنێکی تازە لەهاوکاریی بەرامبەر، تۆکمەو ستراتژیکمان بەدیهاتووە."

بەڵام خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە سەرکەوتوو بوون یان نەبوونی گەشتە ئاسیاییەکەی بن سەلمان گرێدراوی کاردانەوەی رۆژاواشە چونکە دەبێ چاوەڕوان بین ئاخۆ رۆژاوا بەتایبەت وڵاتانی ئوروپایی بەئامانجی پێشگرتن بە نزیکبوونەوەی عەرەبستان بەچین وهیند، لەئاستی زەخت و گوشارەکانی چەند مانگی ڕابردوو لەسەر پاشمیری سەعودی کەم دەکەنەوە یان نا.