ئادار 05, 2019 12:29 Asia/Tehran
  • سوپای یەمەن ھەماری تەقەمەنیی ھێزەکانی سەعودیی لە باشووری عەرەبستاندا تەقاندەوە

سوپای یەمەن شەوی سێ شەممە ھەماری تەقەمەنیی ھێزەکانی سەعودیی لە باشووری عەرەبستاندا دایە بەر موشەک و تەقاندیەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵدەریی مەسیرە، سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی سێ شەممە ھەماری تەقەمەنیی ھێزەکانی سەعودییان لە ناوچەی جیزانی باشووری عەرەبستاندا دایە بەر موشەک و تەقاندیەوە.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ھەروەھا توانیشیان وێڕای پەلاماردانی مۆڵگەیەکی ھێزەکانی سەربە ھاوپەیمانیی سەعودی لە بەرزاییەکانی جەبەل ئەلنار لە جیزان، کۆنترۆڵی ئەم مۆڵگەیە بگرن بە دەستەوە.

لەم پەلامارەدا کۆمەڵێک لە چەکدارانی ھاوپەیمانی سەعودی کوژران و یان بریندار بوون.

ھەر لەم حاڵەدا یەکەی تۆپخانەو موشەکی سوپای یەمەن بنکەی ھێزەکانی سەعودی لە ناوچەی سەدیس ھەڵکەوتوو لە نەجرانی عەرەبستانیشیان دایە بەر پەلامار کە لەو ھەڵمەتەش دا کۆمەڵێک لە چەکدارانی ھاوپەیمانی سەعودی کوژران و یان بریندار بوون.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە. بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

جێگای ئاماژەیە توانایی بەرگریکارانەی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆدرانی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ خەریکی پەرە سەندنە.


 

سەرپەیڤ