ئادار 19, 2019 10:52 Asia/Tehran
  • سەعودییەکان بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربڕەکەی حودەیدە

وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن شەوی سێ شەممە ڕایگەیاند: دەست درێژکارانی سەعودی و بەکرێگیراوەکانیان لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو، ١٠١٩ جار ئاگربڕەکەی شاری حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەنیان پێشێل کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، یەحیا سەریع وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە: فڕۆکەشەڕ کەرەکانی سەعودی لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو ٥٧ جار ناوچە جۆربەجۆرەکانی یەمەنیان بوردومان کردووە.

بەپێی ڕاگەیاندنی «حسەین ئەلعززی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی یەمەن، ھاوپەیمانیی دەست درێژکارانی سەعودی ھەتا ئێستا زیاترلە ١١ ھەزارجار ئاگربڕی شاری حودەیدەیان پێشێل کردووە.

ئەو ئاگربڕەی کە لە سوییددا لە نێوان شاندی ناردراوی سەنعاو شاندەکەی ڕیاز ڕێککەوتنی لە سەر کرا لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە ١٨ی دیسامبەرەوە دەستی پێکراوەو کەچی ھاوپەیمانیی سەعودی ڕۆژ نییە پێشێلی نەکات.

بەندەری حودەیدە سەرەکی ترین ڕێگای ناردرانی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانەیە بۆ یەمەن.

چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە ڕۆژی پێنج شەممە شەشەمی دیسامبرەوە بە ئامادە بوونی لایەنەکانی یەمەنی ھاوڕێ لەگەڵ مارتین گریفیتس نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ئستۆکھۆڵمی سویید  دەستی پێ کراو ڕۆژی پێنج شەممە ١٣ دیسامبەر بە ڕێککەوتن لە بارەی ئاگربڕ لە حودەیدە کاری خۆی کۆتایی پێ ھێنا. ھەتا ئێستا چەندین جار ھەوڵی کۆتایی ھێنان بە شەڕی یەمەن دراوەو کەچی ھەرجارێکیش لە لایەن عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانیەوە تووشی چەقبەستوویی کراوە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

دەست درێژکاریی سەربازیی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورت و ھەژاری یەمەنی لەگەڵ کەم بوونی لەڕادە بەدەری خۆراک و دەرماندا بەرەوڕوو کردووەتەوە.