ئادار 22, 2019 08:48 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی کۆمکاری عەرەب بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ لەبارەی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر جەولانی داگیرکراوی سوریادا

سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەب، لێدوانی دنەدەرانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ سەروەریی رژیمی زایۆنی بەسەر جەولانی داگیرکراوی سوریای بە پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییەکان زانی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "ئەحمەد ئەبولغیت" دوێشەو(پێنج شەممە) وتی: لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە ڕێگا خۆش دەکا بۆ بەڕەسمییەت ناسینی سەروەریی رژیمی زایۆنی بەسەر جەولانی داگیرکراوی سوریا، کردەیەکی تەواو بەدەر لە مافە نێودەوڵەتییەکان و ڕەت کراوەیە.

ئەبولغیت وتی: هیچ وڵاتێک جیا لە پێگەو شوێنی، بۆی نییە بوارخۆشکەر بێ بۆ ڕاگەیێندرانی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر جەولانی سوریاداو تەنانەت ئەگەر ئەو کارە بکات، هیچ ئیعتبار و پێگەیێکی مافەوانیی نابێ.

سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەب پێی داگرت؛ لە مافە نێودەوڵەتییەکانداو بەگوێرەی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگا جیهانییەکان، ناوچەی جەولان بەشێکە لە خاکی سوریا.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوێنێ پێنج شەممە لە ژمارەی تایبەتی خۆی لە توئیتەردا لەلێدوانێکی دنەدەرانەدا رایگەیاند، پاش پەنجاو دوو ساڵ کاتی ئەوە هاتووە کە ئەمریکا بەتەواوەتی سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جەولانی داگیرکراوی سوریا بەڕەسمییەت بناسێ.

رژیمی زایۆنی لە ساڵی١٩٦٧، نزیک بە هەزار و٢٠٠ کیلۆمتری چوارگۆش لەخاکی سوریا لە بەرزاییەکانی جەولانی داگیرکردو پاش ماوەیەک ئەو ناوچەی پەیوەستی سەرزەوینە داگیرکراوەکان کرد.

کۆمەڵگای جیهانی قەت ئەو پەیوەست کراوەی بەڕەسمییەت نەناسیوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانیش ئەو ناوچەی بە داگیرکراو ناوبردووە.

سەرپەیڤ