کانونی یه‌که‌م 13, 2019 16:25 Asia/Tehran
  • تێکهەڵچوونی قورسی نێوان هێزە سەربازیەکان لە هیڵی فڕۆکەخانەی ترابلۆس

هێزەکانی دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانی و هێزەکانی ژێرفەرمانی ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر لە هێڵی فڕۆکەخانەی ترابلۆس بەقورسی لە یەکیان دا.

بەپێی ڕاپۆری رۆژی هەینیی کەناڵی ئەلجەزیرە، شەڕ وپێکدادان لەنێوان هێزەکانی دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانی وهێزەکانی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرکردایەتی خەلیفە حەفتەر لەمیحوەری فڕۆکەخانەی ترابلۆس لە باشوری پایتەختی ئەو وڵاتە ڕووی داوە کە بەپێی ڕاپۆری سەرچاوە خۆجێیەکان، شەڕ و پێکدادانەکە زۆر قورسە.

لەهەمان کاتدا، هێزەکانی دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا ڕایانگەیاند، ناوچەی "توغار"یان خستووەتەژێر کۆنترۆڵی خۆیان و چوار ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی ئیماراتیشیان لەو ناوچەیە تێکشکاندووە.

گرووپی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی لیبیا بەسەرکردایەتی خەلیفە حەفتەر کە چەندین ساڵە بەپاڵپشتی عەرەبستان، میسر، ئیمارات و چەند وڵاتێکی رۆژاوایی، رۆژهەڵاتی لیبیای خستووەتەژێر کۆنترۆڵی خۆی، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەرەو باکوری ئەو وڵاتە پێشڕەویی کردووە.