ئه‌یلوول 08, 2020 12:16 Asia/Tehran
  • بڕیاری دادئەستێنی سەعودی لە بارەی تاوانبارانی دۆسیەی کوشتنی خاشقچی

دادئەستێنی عەرەبستان بۆ تاوانبارانی دۆسیەی کوشتنی «جەمال خاشقچی» ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سەعودی دوایین بڕیاری دەرکرد.

«جەمال خاشقچی» ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سەعودی دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەروشوێن کرا. ڕژێمی سەعودی وێڕای بەدرۆ خستنەوەو یان بێ دەنگە لێکردنی لە بارەی ئەم ڕووداوە  سەرەنجام  لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای جیھانی دا ئەوەی پشتراست کردەوە کە خاشقچی لە کونسولخانەی ئەم وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیادا کوژراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، ڕۆژی دووشەممە دادئەستێنی سەعودی لە ئاگاداری نامەیەک دا ڕایگەیاند: ڕەھەندە تایبەتییەکەی تاوانی کوژرانی «جەمال خاشقچی» بە لێخۆشبوونی بنەماڵەکەی کۆتایی ھات و لە ڕووی ڕەھەندیس گشتیشەوە پێنج کەس لە تاوانباران ھەریەکەو ٢٠ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە، تاانبارێکی دیکەیان حەوت ساڵ و دووانی دیکەشیان دە ساڵ سزای زیندانیان بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی ئەم ئاگاداری نامەیە پرسی کوشتنی خاشقچی لە ھەردووک ڕەھەندی تایبەتی و گشتیی تاوانەکە کۆتایی پێ ھاتووەو بڕیارەکانیش لادانیان بۆ نییە.

منداڵەکانی خاشقچی لە کاتێکدا لە بکوژی باوکیان خۆش بوونە کە لە کاتی کوژرانی خاشقچییەوە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە عەرەبستانیان نەبووەو بڕیارەکانی دادئەستێنی سەعودیش لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە کۆڕوکۆمەڵە مافەوانییەکان «موحەممەدی کوڕی سەلمان» پاشمیری سەعودی و «سەعود قەحتانی» و «ئەحمەد عەسیری» دوو کەسایەتیی نزیک لە کوڕەکەی سەلمان بە تاوانبارانی ڕیزی یەکەمی دۆسیەی کوشتنی خاشقچی دەزانن، کەچی ئەم سێ کەسە ھەتا ئێستا بۆ ھیچ دادگەیەک بانگ نەکراون.

سەرپەیڤ