حوزه‌یران 03, 2020 19:15 Asia/Tehran
  • پاپ، ڕەگەز پەرستی لە ئەمریکای شەرمەزار کرد

ڕابەری کلیسای کاسۆلیک وێڕای شەرمەزار کردنی کوژرانی ڕەگەزپەرستانەی ڕەش پێستێک بە ھۆی پۆلیسی ئەمریکاوە، لە بارەی بشێوییەکانی ئەو وڵاتە نیگەرانیی دەربڕی.

بە پێی ڕاپۆرتی «واتیکان نیوز»، «پاپ فرانسیس» ڕابەری کلیسای کاسۆلیک لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر ناڕەزامەندیی سەرتاسەریی دژی ڕەگەزپەرستی لە ئەمریکا ، وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە ڕەوشتی ئێستای ئەو وڵاتە، داوای بەرنگار بوونەوەی گوناحی ڕەگەزپەرستی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژیی کرد.

پاپ فرانسیس لە پەیامێکدا ڕوو لە جەماوەری ئەمریکا وتی: من بەوپەڕی پەرۆشییەوە شایەتی ئاژاوەی کۆمەڵایەتیم لە وڵاتی ئێوەدا دوابەدوای کوژرانی دڵتەزێنی صجۆرج فلۆید».

ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان وتیشی: ئێمە بە ھیچ جۆرێک ڕەگەزپەرستی و بێ بەری کرانمان پێ قەبووڵ ناکرێت، بەڵام توندوتیژییەکانی شەوانی ئەم دواییەش لە ئەمریکا خۆی لە خۆی دا تێکدەرانەیە و توندوتیژی ھیچ بەرھەمێکی لێ ناکەوێتەوەو بگرە زۆر شتیش لە کیس دەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکان، لە ماوەی یەک حەوتەی ڕابردوو لانیکەم ١٣ کەس لە ناڕەزامەندی دەعربڕینەکانی دژی ڕەگەزپەرستی لە ئەمریکادا کوژراون و زیاتر لە ٩ ھەزارو ٣٠٠ کەسیش قۆڵبەست کراون.

بڵێسەسەندنی ناڕەزامەندییەکان بەرامبەر بە کوژرانی فلۆید بووەتە ھۆی ڕاگەیەندرانی باری نائاسایی و قەدەغەی ھاتوچۆ لە چەندین شاری ئەمریکادا.