ئه‌یلوول 15, 2021 09:53 Asia/Tehran
  • ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا و سەرکەوتنی تیپی تۆپی پێی «پێرسپۆلیس»ی ئێران بە سەر «ئیستیقلال»ی تاجیکستان دا

تیپی تۆپی پێی «پێرسپۆلیس»ی ئێران بە سەرکەوتن بە سەر «ئیستیقلال»ی تاجیکستان دا بۆ قۆناغی یەک چوارەمی کۆتایی ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا ھەڵکشا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، تیپەکانی تۆپی پێی «پێرسپۆلیس»ی ئێران و «ئیستیقلال»ی تاجیکستان کاتژمێر٧ و ٣٠ خولەکی ڕۆژی سێ شەممە بەکاتی تاران لە چوارچێوەی کێبەرکێکانی قۆناغی یەک ھەشتەمی کۆتایی ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا لە یاریگای «پامیر»ی دوشەنبەی پێتەختی تاجیکستان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە کە ئەم کێبەرکێیە لە ئەنجام دا بە سەرکەوتنی یەک بە سیفر بە قازانجی «پێرسپۆلیس»ی ئێران کۆتایی پێ ھات.

تاقەگۆڵی تیپی تۆپی پێی «پێرسپۆلیس» لەم کێبەرکێیەدا لە لیەن «مەھدی تۆرابی» لە خولەکی ٩٠ دا مسۆگەر کرا.

داوەری کردنی ئەم یارییە بە ئەستۆی «ھیرۆکی کیمورا» داوەری ژاپۆنی بوو.

ھەردووک تیپەکەی «پێرسپۆلیس»ی ئێران و «ئیستیقلال»ی تاجیکستان لە کاتێکدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە کە توانی بوویان وەک سەرگروپی گروپەکەیان بۆ ئەم قۆناغە ھەڵکشێن.

تیپی تۆپی پێی «پێرسپۆلیس» بەم سەرکەوتنەشی دەچێتە ڕیزی ھەشت تیپە ھەڵکەوتەکەی ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا و بۆ ناسینی خەنیمەکەشی دەبێ چاوەڕوانی پشک ھاویشتنی قۆناغی دواتر بکات.

سەرپەیڤ