ستایشی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران بۆ هەوڵەکانی عومان لە بارەی بووژانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ستایشی هەوڵەکانی عومان کرد لە بارەی بووژانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، دەریاوان «عەلی شەمخانی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ژەنەراڵ «سوڵتان بن محەممەد ئەلنوعمانی» وەزیری نووسینگەی پاشایەتیی عومان، جەختی لە ئیرادەی ڕێبەرانی ھەردووک وڵاتەکە کردەوە بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکانیان، لە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان وڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارس لەوان ئێران و عومان.
پێشتر شەمخانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی لە میوانداریکردنی پێنج خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان بەرز نرخاندو هەروەها ستایشی هەوڵەکانی بەغداشی کرد لە مەڕ دابینکردنی زەمینە بۆ تاران و ڕیاز لەمەڕ گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ.
دوای چەند مانگێک لە دانوستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و کردنەوەی باڵوێزخانەکانیان لە خاکی ھەردووک وڵاتەکەدا.