ئه‌یلوول 20, 2025 11:11 Asia/Tehran
  • چەند خەوێنەرێکی سروشتی (2) - گوڵی سونبول (ڤالێرییان)

بە قورسی خەولێکەوتن کێشەیەکی باوی زۆربەی مرۆڤەکانە، بۆ هەندێک کەس ئەم کێشەیە ماوەیەک دەخایەنێت و بێزاری دەکات.

لە هەندێک بارودۆخدا ئەم کێشەیە بە ڕێککردنەوەی سیستم و کاتی خەوتن چارەسەر دەبێت، بۆ نموونە سنووردارکردنی سەرخەو شکاندن لە ڕۆژدا و کەم کردنەوەی بۆ ٣٠ خولەک و ڕاهێنان کردن بۆ زیاتر کەم کردنەوەی بۆ ١٠ خولەک، نەخواردنی سەرچاوەکانی کافایین و هاندەرەکانی دیکەی مێشک پێش نوستن، هەروەها پێش نوستن نەخواردنی ئەو خواردنە قورسانەی کە پێکهاتەی چەورییان زۆر تێدایە یاخود سورکراوەن.

ئەگەر کێشەکانی خەوتنی کەسێک بەوانەش چارەسەر نەبوو لەوانەیە هەندێک کەس حەز بکەن دەرمانی خەولێخەر و ئەو دەرمانانە بەکار بهێنن کە وایان لێ دەکات بە ئاسانی بچنە خەوێکی قوڵەوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی پێیان خۆشە دووربن لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرچاوەی سروشتی بەکار بهێنن، سەرچاوە ناکیمیاییەکانی ماددەی خەوێنەر بە شێوەیەکی سروشتی بوونیان هەیە، کە دەبنە هۆی ئارامبوونەوەو پشوودان و نەمانی نیگەرانی، هەروەها دەبنە هۆی زوو خەولێکەوتن جگە لەمانەش چەندین سوودی تریان هەیە وەک کەم کردنەوەی ئازار و یارمەتیدانی هەرسکردنی خۆراک.

خەوتن بە شێوەیەکی ئاسایی لەوانەیە ئاسان بێت بە گۆڕینی ڕۆتین و ژەم و خولیای ڕۆژانە، هەمیشە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات دوور بێت لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرەتا سەرچاوەی سروشتی تاقی بکاتەوە.

 

گوڵی سونبول (ڤالێرییان)

دەرمانی گیایی گوڵی سونبول لە ڕەگی ڕووەکەکەوە دروست دەکرێت، تێبینی کراوە کە ڕۆڵی هێمنکەرەوە ببینێت بەڵام پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە بۆ دڵنیابوونەوە لەو ڕۆڵە، سونبول دەتوانێت لەگەڵ چەند دەرمانێکی دیکە کارلێک بکات، بۆیە ئەگەر بەکارهێنەر دەرمانی دیکەی بەکار هێنا لەگەڵ وەرگرتنی دەرمانی گیایی سونبول, ئەوکات پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات پێش بەکارهێنانی.

بە پشت بەستن بە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١١ ئەنجام دراوە, سونبول دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ نەخۆشی خەوزڕان و یارمەتیدانی ئەو خانمانەی لە تەمەنی نائومێدی دان بۆ باشترکردنی خەوتنیان، ئەو خۆبەخشانەی کە ئەم توێژینەوەیان لەسەر کراوە ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار هەفتە ٥٣٠ میلیگرام لە پوختەکراوی گوڵی سونبولیان وەرگرتووە.

گوڵی سونبول دەتوانرێت لەگەڵ لیمۆ و نەعنا یاخود چەندین دەرمانی دیکەی گیایی تێکەڵ بکرێت، باشترە کە بەرەبەرە ژەمی وەرگرتنی سونبول زیاد بکرێت بە پێی تێپەڕبوونی کات، کە کاتی خەوتنی کەسی بەکارهێنەر ڕێک بوویەوە، پێویستە بەردەوام بێت لەبەکارهێنانی ئەم دەرمانە تاکوو دوو بۆ شەش هەفتە، ئەگەر گوڵی سونبول بە شێوەی چای بخورێتەوە پێویستە ڕۆژانە چارەکە کەوچێک بۆ یەک کەوچکی چا زیاتر لە سێجار بخورێتەوە.

ئەگەر کەسی بەکارهێنەر ویستی واز لە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە گیاییە بهێنێت، پێویستە بە هێواشی ژەمەکانی کەم بکاتەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و نابێت بە شێوەیەکی لەناکاو وازی لێ بهێنێت، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی لەناکاو وازی لێ بهێنێت ئەوا نیشانەکانی کەسی ئالوودەبووی لێ دەردەکەوێت و تووشی خەمۆکی دەبێت.

دوای دەرکەوتنی هەریەک لەم نیشانانە پێویستە واز بهێنرێت لە بەکارھێنانی سونبول

  •     سەرئێشە.
  •     ئازاری ناوسک.
  •     خەمۆکی.
  •     لاوازی بیرکردنەوە.
  •     ئازاری گەدە و هەرسنەکردنی خواردن بە شێوەیەکی ئاسایی.
  •     سەرگێژخواردن.
  •     زوو هەڵچوون.

 

سەرپەیڤ