شوبات 01, 2019 10:43 Asia/Tehran
  • موگرینی: یەکێتیی ئەورووپا ئێستایش هەر پێبەندە بە جێبەجی کردنی تۆکمە و تەواوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا شەوی هەینی لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی کرد لە وەڕێخرانی کەناڵی تایبەتی بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە "ئینستێکس" (INSTEX) و ئەوەی بە هەنگاوێکی گرینگ زانی لە مەڕ پێبەند بوونی ئەورووپا بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "فدریکا موگرینی" بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە یەکێتیی ئەورووپا بە خێرایی پەرە دەدات بە ئینستێکس" و داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەم یەکێتییە کرد هاوکارییەکەی چالاکانەیان لەم بارەوە هەبێ.

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند تا ئەو کاتەی کە ئێران پێبەند بێ بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانی، ئەم یەکێتییەیش پێبەند دەمینێتەوە بە جێبەجی کردنی تۆکمە و تەواو و کاریگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە.

موگرینی وتیشی: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تا ئیستا لە ١٣ راپۆرتدا پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پشت ڕاست کردۆتەوە.

ئەورووپا شەوی ڕابردوو پاش چەندین مانگ لە ئاکامدا، بە شێوەی فەرمی ڕایگەیاند کە ڕێگای تایبەتی بازرگانیی لەگەڵ ئێرانی کردۆتەوە.

"هایکۆ ماس" Heiko Maas، "جێرێمی هانت" Jeremy Hunt  و "ژان ئیڤ لۆدریان" Jean-Yves Le Drian  وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمان، بەریتانیا و فەرەنسا، پاش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە "بۆخارێست"ی پێتەختی ڕۆمانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند؛ کەناڵی دراویی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە "ئینستێکس" INSTEX بە شێوەی فەرمیی وەڕێخراوە.

"ئینستێکس" INSTEX  کورت کراوەی Instrument in Support of Trade Exchanges بە مانای "ئامرازی پشتیوانی سات و سەودای بازرگانی"ـە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی "ئن دی ئار"ی ئەڵمان، پاریس میوانداری ئەم ڕێگا دراوییە دەبێ و بانکدارێکی بەناوبانگی ئەڵماننیش بەرپرسایەتیی ئەو سیستەمی دراوییە دەگرێتە ئەستۆ. بەریتانیایش لەم نێوانەدا سەرۆکی لێژنەی چاوەدێر دەبێ.

مانگی مەیی ٢٠١٨ هاوکات لەگەڵ چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئایدیای وەڕێخستنی کەناڵێکی دراویی تایبەت بۆ هاسان کردنەوەی بازرگانیی کۆمپانیا چکۆلە و مام ناوەندییەکانی ئەورووپا لەگەڵ ئێران، هاتە ئاراوە، لەو کاتەوە ئەورووپا هەر جارەوە ئەو سیستەمەی بە بیانووی جۆربەجۆر وەدوا دەخست.

 

سەرپەیڤ