بڕیاری حکومەتی ئاڵمان بۆ سەندنەوەی مافی هاووڵاتیبوونی داعشییەکان
میدیاکانی ئاڵمان رایانگەیاند، حکومەتی ئاڵمان بڕیاری داوە مافی هاووڵاتیبوون بسێنێتەوە لەو ئاڵمانییانەی چوونەنێو ڕیزی گرووپی ترۆریستیی داعش.
میدیاکانی ئاڵمان لەوان "زود دۆیچە سایتونگ" و کەناڵەکانی "WDR" و "NDR" ڕاپۆریان دا، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری داوە، مافی هاووڵاتیبوون لە ترۆریستانی ئاڵمانیی گیراو لە سوریا بسێنێتەوە بێتوو خاوەن مەرجی پێویست بن.
ئەو بڕیارە، لە دیداری "هۆرست زیهۆفەر"ی وەزیری ناوخۆ و "کاتارینا بارلی" وەزیری دادی ئاڵمان بەتەوەری دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ قەیرانی گەڕانەوەی ترۆریستان بۆ ئەو وڵاتە، گیراوە.
ئەو دوو بەرپرسەی ئاڵمان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە بێتوو ترۆریستان خاوەن دوو ناسنامە بن، تەمەنی یاساییان و ئەگەری پەیوەست بوونەوەیان بە گرووپە ترۆریستییەکان لەئارادابێ، مافی هاووڵاتیبوونیان لێ بسەندرێتەوە.
بەقسەی بەرپرسانی ئاسایشیی ئاڵمان، نزیک بە هەزار کەس لەو وڵاتە پەیوەستی گرووپی داعش بوون لە سوریاو عێراق کە لەو ژمارە، ١٠٠ هەتا ١٥٠ کەس کوژراون و نزیک بە٣٠٠کەسیش لەحاڵی گەڕانەوە بۆ ئاڵمانن.
قەیران لە سوریا لە ساڵی٢٠١١وە بەهێرشی بەرفراوانی گرووپە ترۆریستییەکانی جێی داکۆکیی ئەمریکاو هاوپەیمانانی بۆ گۆڕینی هاوکێشە ناوچەییەکان بەقازانجی رژیمی زایۆنی دەس پێ کرا بەڵام ئەو پیلانە بەهەوڵی سوپاو جەماوەری سوریاو شکستی ترۆریستان، بێ ئاکام ما.
حکومەتە ئوروپاییەکان ئێستا بەرەوڕووی کێشەی ئاسایشیی گەڕانەوەی ترۆریستانی ئوروپایین بۆ نیشتمانیان.