ئەرجەنتین، پاراگوای و ئۆرۆگوای میوانداری جامی جیهانی 2030 دەكەن
ئەلیخاندرۆ دۆمینگێز، سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئەمریكای باشوور ناوی ئەو سێ وڵاتەی ئاشكراكرد كە میوانداری یارییەكانی جامی جیهانی 2030 دەكەن.
فیفا تا ئێستا وڵاتانی میوانداری مۆندیالی 2030ی دیاری نەکردووە، بەڵام فایلێکی هاوبەشی نێوان ئیسپانیا، پۆرتوگال و مەغریب نزیكە لەوەی مافی بەدەستهێنانی مۆندیالی 2030 بەدەستبهێنێت.
دۆمینیگێز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێكس نووسیویەتی:
سەدەمین ساڵیادی جامی جیهانی 2030 لەو شوێنە دەستپێدەكات كە هەموو شتێك لێیەوە دەستیپێكردووە، ئەرجەنتین، پاراگوای و ئۆرۆگوای میوانداری یارییەكانی كرانەوەی پاڵەوانیەتیەكە دەكەن، وڵاتەکەمان شانازی دەکات بە میوانداریکردنی یاری یەکەمی ئەرجەنتین لە ساڵی 2030، ئێمەش بەشداری ئاهەنگەکانی مۆندیال دەکەین.
دەیڤد ئۆرنشتاین لە هەژماری تایبەتی خۆی ئاشكرایكرد، یارییەكانی جامی جیهانی 2030 لە هەریەك لە مەغریب، پۆرتوگال و ئیسپانیا دەكرێت.
هەروەها ئەوەشی ئاشكراكرد، هەریەك لە ئەرجەنتین، پاراگوای و ئۆرۆگوای میوانداری یاری كرانەوەی هەڵبژاردەكانیان دەكەن، بەهۆی یادی 100 ساڵەی مۆندیالەوە، پاشان یارییەكانی دیكە لە هەریەك لە ئیسپانیا، مەغریب و پۆرتوگال دەكرێت.
بەوەش هەریەك لە هەڵبژاردەكانی پۆرتوگال، ئیسپانیا، مەغریب، ئەرجەنتین، پاراگوای و ئۆرۆگوای راستەوخۆ سەركەوتوون بۆ جامی جیهانی 2030.