سەید حەسەن نەسروڵا: خۆڕاگری هیچ سنوورێک بۆ شەڕی دژ بە ڕژێمی ئیسراییل ناناسێ
سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان وتی؛ بێتوو شەڕێک داسەپێتە سەر لوبنان، خۆڕاگری بە بێ ئەوەی یاسا و ڕێسا و یان سنوور و بەرتەسکییەک لەبەرچاو بگرێ دژ بە دوژمنی خۆی دێتە مەیدانەوە.
سەید حەسەن نەسروڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵلای لوبنان دوێنێ چوارشەممە لە ڕێ و ڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهید تالیب سامی عەبدوڵا لە فەرماندەرانی شەهیدی حیزبوڵا کە لە پەلاماری سوپای ڕژێمی زایۆنیدا شەهید بووە، پێیداگرت کە ڕژێمی ژینۆسایدکاری ئیسراییل و ئەمریکا باش دەزانن کە پەلاماردانی لوبنان دواهاتی بۆ هەموو ناوچەکە دەبێ. ناوبراو وتیشی: بەرەی پشتیوانیی لوبنان بەردەوام دەبێ لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا بۆ پاڵپشتی کردنی خۆڕاگریی فەلەستین و دوژمنی داگیرکەر ناچار بە پاشەکشە لە کەرتی غەززە دەکات. سەید حەسەن نەسروڵا ڕاشکاوانە رایگەیاند؛ بە پێی قسەکانی فەرماندەرانی ڕژێمی زایۆنی بەرەی لوبنان زیاتر لە سەد هەزار هێزی زایۆنی و چەن لەشکەرێکی ئەم ڕژێمەی مژووڵی خۆی کردووە و بێتوو ئەو بەرەیە نەبوایە ئیسراییل هێزی پێویستی دابین دەکرد بۆ شکست پێهێنانی غەززە.
سکرتێری گشتیی حیزبوڵلای لوبنان وتیشی؛ داگیرکەرانی ئیسراییلی زەبر و زیانەکانی خۆیان لە بەرەی باکووریدا دەشارنەوە بۆ ئەوەی زەختی زیاتریان نەکەوێتە سەر، بەڵام بەرەی لوبنان هاوکات لەگەڵ ماندوو و وەڕەزکردنی دوژمن، دەیان هەزار شارۆچکەنشینیشی کۆچ پێ کرد و زەبری ئابووری و گەشتیاریی قورسی لەم ڕژێمە داوە و تەنانەت بۆ یەکەمین جار بوو کە پشتێنی ئاسایشی لە باکووری فەلەستین دانرا و شکۆی سەربازی، ئاسایشی و توانای پێشپێگرانەی دوژمن تەواو ڕووخا. سکرتێری گشتیی حیزبوڵلای لوبنان هەروەها بە ئاماژە بە هەڵمەتی مەزن، سەرسووڕهێنەر و سزادەرانەی "وەعدی سادق" وتی؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرباری ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی لە ڕژێمی داگیرکەری ئیسراییل دەکرێ، بە هێرشی درۆنی و مووشەکیی خۆی بۆ سەر ئیسراییل، ڕەوشەکەی بە قازانجی بەرەی خۆڕاگری گۆڕی.