ڕەخنە و گازندەکان لە نرخی تازەی کارەبا لە هەرێم
فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دیاریکردنی نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری زۆر زۆرە و لە راستیدا ڕوتانەوەی گیرفانی هاوڵاتیانە و قابیلی قبوڵکردن نیە.
ڕەخنە و گازندە بەرامبەر بە نرخی تازەی کارەبا کە لەلایەن ئهنجومهنی وهزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە، ئێستایش هەر بەردەوامە. جیا لە ئۆپۆزسیۆن فراکسیۆنی یەکگرتوویش لە پەرلەمانی کوردستان دەستیداوەتە ڕەخنە گرتن و ڕایگەیاندوه، دیاریکردنی نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری زۆر زۆرە و لە راستیدا ڕوتانەوەی گیرفانی هاوڵاتیانە و قبووڵکردنی درووست نییە. یەکگرتوو هەروەها داوای لە سەرجەم فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی هەرێم کردووە بەیەکەوە ئەو بڕیارەی حکومەت ڕەت بکەنەوە.
مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ حکومەتی کاربەڕێکەر خەریکە لە گرێبەستی تەندروستی، نرخی کارەبا و تاپۆدا، حکومەت و کەرتەکانی دەکاتە کەرتی تایبەتی بۆ کۆمپانیاکانی نزیک لە خۆیان. ئەوە مەترسیەکی گەورەیە لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانیش دەکاتە کرێچیی کۆمپانیاکانی حیزب.
محمود یاسین کوردی ڕۆژنامەوان بە بەروارد کردنی نرخی کارهبای هەرێم لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێڕاق نوووسییەتی:لە پارێزگاکانی عێراق لە یەک کیلۆوات کارەبا هەتا 600 کیلۆوات بەکاربهێنی نرخەکەی 10 دینارە، کەچی بە پێی نرخی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەک کیلۆوات تاوەکو 400 کیلۆوات بەکاربهێنی نرخەکەی 72 دینارە! واتە 200 کیلۆوات لەوەی حکومەت عێراق کەمترە و نرخەکەشی 7 هێندەیە.