شوبات 05, 2021 06:57 Asia/Tehran
  • سووریا داوای تەگبیرو بڕیاری لێبڕاوانەی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی کرد بۆ ڕاگرتنی دەست درێژکارییەکانی ئیسرائیل

دەوڵەتی سووریا وێڕای ئیدانەکردنی ھێرشەکانی شەوی پێنج شەممە ڕژێمی زایونی بۆ سەر باشووری ئەم وڵاتە، ھەمیسان داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشت کرد کە تەگبیری لێبڕاوانەو خێرا بۆ ڕاگرتنی دەست درێژکارییەکانی ڕژێمی زایونی بۆ سەر خاکی سووریا بەکار بێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا(سانا)، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە پەیامێکدا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشت، داوای کرد کە ئەم ڕێکخراوەیە ھەستێت بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە چوارچێوەی جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە ئاراستەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشتی نێونەتەوەیی.

لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریادا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشت،ھاتووە: ڕێک لە کاتژمێر ٢٢و ٤٢ خولەکی شەوی پێنج شەممە ڕژێمی زایونی لای جۆلانی داگیرکراوەوە ھێرشێکی ئاسمانیی ئەنجام داو بە کەڵک وەرگرتن لە ھێندێک موشەک پەلاماری چەند ئامانجێکی باشووری ئەم وڵاتەی دا.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا پێشتر لە نامەگەلێکی جیاجیادا بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشت، بێ دەنگە لێکردنی کۆمەڵگای جیھانیی لە بەرامبەر ھێرشەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایونی بۆ سەر پارێزگای «حەماە» کە کوژران و بریندار بوونی کۆمەڵێک لە شارومەندانی ئەم وڵاتەی لێ کەوت بووەوە، ئیدانەکردبوو.

فڕۆکە شەر کەرەکانی ڕژێمی زایونی شەوی پێنج شەممە ھێرشیان کردە سەر ناوچەگەلێکی باشووری سووریا کە بەرگریی ئاسمانیی سوپای سووریا توانی ھێندێک لە موشەکە ھاوێژراوەکان ھەر بە ئاسمانەوە بتەقێنێتەوە.

سەرپەیڤ