بڕیاری ئەمریکا بۆ دانانی بنکەی سەربازیی لە سەر سێکوچکەی سنووری تورکیا، سووریا و عێراق
ئەمریکا خەریکی رۆنانی بنکەیەکی سەربازی لە سنووری تورکیا، سووریا و عێراق بۆ ڕێگری لە ئەگەری هێرشی تورکیا و ئامادە بوونی سەربازانی ڕووسی و سووری لە ئەو ناوچەیەیە.
سەرچاوەکانی هەواڵ باسی ئەوە دەکەن کە گوایە سەربازانی ئەمریکا خەریکی دانانی بنکەیەکی سەربازیی نوێ لە سنووری عێراق، سووریا و تورکیا بۆ ڕێگری لە ئەگەری هێرشی تورکیا و یا ئامادە بوونی سەربازانی ڕووسی و سووری لە ئەو ناوچە ستراتیژیکەیە.
بە پێێ ئەو هەواڵە ئەمریکییەکان جگە لە ناردنی جیهازاتی لۆجستیکی و سەربازیی بۆ گوندی "عەین دیوار" چەند بارهەڵگری ئامیری بیناسازیشیان ناردووەتە ئەو گوندە.
ئەمریکییەکان ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دەیان بارهەڵگری جیهازاتی سەربازی و ئامێری بیناسازییان لە ڕێڕەوی سنووری ئەلوەلیدی عێراق و لە ڕۆژهەڵاتی قایشلۆوە گواستووەتەوە بۆ گوندی عەین دیوار.
سەربازانی ئەمریکا بە گوندنشینەکانی ئەو ناوچەیەیان ڕاگەیاندووە کە ئامانجی ئەوان ڕێگری لە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەو ناوچەیەیە.