تشرینی یه‌که‌م 11, 2022 08:19 Asia/Tehran
  • ڕاوێژکاری بەشار ئەسەد: بەرگری نەکردن لە فەلەستینەکان پەڵەیەکە پڕلەشەرمە بەناوچاوی سازشکارانەوە

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سووریا بە توندی ڕەخنەی لە ھەڵس و کەوتی دووفاقانەی ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ مافی مرۆڤ و بێ دەربەستییان بەرامبەر بە کردەوەکانی نامرۆڤانەی داگیرکەران دژی نەتەوەی فەلەستین گرت و لە هەمان کاتدا بەرگری نەکردن لە فەلەستینییەکانی بە پەڵەیەکی پڕلەشەرم بە ناوچاوی وڵاتە عەرەبییە سازشکارەکان زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری لە سەروتاری ڕۆژی دووشەممەی خۆی دا بە قەڵەمی «بەسینە شەعبان»، ڕاوێژکاری «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سووریا نووسیویەتی: ڕۆژاوا کە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکات، کە هیچ لە مافی مرۆڤ تێ ناگات و لە ھەمبەر مافی فەلەستینییەکان ، بەتایبەت دیلەکانی فەلەستین لە بەندیخانەکانی داگیرکەرانی ئیسرائیلی کەمتەرخەمە.

ڕاوێژکاری «بەشار ئەسەد» وێڕای ئاماژە کردن بەو وڵاتە عەرەبیانەی کە هەوڵیان داوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دوژمنی داگیرکەر ئاسایی بکەنەوە، ڕایگەیاند: بەرگری نەکردنی ئەو وڵاتانە لە گەلی چەوساوەی فەلەستین پەڵەیەکی پڕلەشەرمە بە ناوچاویانەوە.

«شەعبان» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: رۆژئاواییەکان لە کاتێکدا باسی مافی مرۆڤ دەکەن کە بۆخۆیان ئازادی و مافی مرۆڤ و سەرچاوەکانی سامان و دارایی وڵاتانی دیکەیان بە تاڵان بردووە.

«به‌سینه‌ شه‌عبان» له‌ درێژه‌ی وتاره‌که‌یدا باسی منداڵانی شه‌هیدی فه‌له‌ستینی لەوانە «محه‌مه‌د ئه‌لدەرە»و «خالید غه‌نام»یشی کردووە که‌ له‌ ساڵانی 2000 و 2005 به‌ زەبری گولەی زایۆنییه‌کان شه‌هید کراون و وتووشیەتی کە: ھەتا ئێستا هه‌زاران جار ھەڵس و کەوتی دووفاقانەی رۆژئاوا له‌بارەی پرسی مافی مرۆڤ لە سەرزەوییەکانی فەلەستینمان بەدی کردووە.

ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سووریا داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی کرد ھەتا وەک چاو و گوێی دیلەکان و هێزە قارەمانەکانی بەرخۆدانی فەلەستین ڕەفتار بکەن و گوێ لە بەڵێنە درۆ و دووفاقانەکانی ڕۆژاواییەکان نەگرن، چونکو ھەتا ئێستا زۆر نەتەوەی ڕەسەنی خاوەن کلتوری ڕەگ و ڕیشەداریان بە تەواوی لە چوار کیشوەری جیهاندا خاشەبڕ کردووەو بەم پێیە نابێ چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە پشتیوانی لە مافەکانی گەلی چەوساوەی فەلەستین بکەن.

 

سەرپەیڤ