خاپوورکرانی بەتەواوەتیی کەمپی مەشق پێکردنی تیرۆریستان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری حەڵەب
جێگری سەرۆکی ناوەندی هەماهەنگیی ڕووسیا لە سووریا ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی ڕووسیا کەمپی مەشق و ڕاهێنانی تیرۆریستانی لە گردوپەڕی باکووری حەڵەب کردووەتە ئامانج و بە تەواوی لە ناوی بردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، "ئۆلیگ ئیگۆرۆڤ"، جێگری بەرپرسی ناوەندی هەماهەنگیی ڕووسیا لە سووریا، ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و وتی: شەڕی نێوان لایەنگرانی گروپە تیرۆریستییەکانی دوو ناوچەی عەفرین و ئەعزاز لەسەر دابەشکردنی دەستەڵات لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا بەردەوامە.
ئیگۆرۆڤ وتیشی: هێزی ئاسمانیی ڕووسیا بەمەبەستی بەرنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان هێرشی کردووەتە سەر کەمپی مەشقی تیرۆریستان و ناوەندی سەرکردایەتییان لە گردوپەڕی هەردوو شارۆچکەی قەتمە و ئەعزاز کە دەکەونە لای حەڵەبەوەو، لە ئەنجام دا دەیان تیرۆریست کوژراون و یان بریندار بوونە.
ئیگۆرۆڤ ڕوونیشی کردەوە: لە ئەنجامی ئەو هێرشانە، ناوەندی سەرکردایەتی و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و کەرەستە و بارەگای کەمپەکە بە تەواوی خاپوور کراون، لەنێویاندا 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی کە بە تەقەمەنی قورس و سەکۆی هەڵدانی مووشەک تەیار کرابوون.