تشرینی دووه‌م 20, 2022 08:34 Asia/Tehran
  • بوردومانی بەرفراوانی حەڵەب لە باکوری سوریا بەھۆی فڕۆکەشەڕکەرەکانی تورکیاوە

سەرچاوە هەواڵدەرییەکان باسی هێرشی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممەی فڕۆکەشەڕکەرەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی کۆبانی لە پارێزگای حەڵەبی باکوری سوریایان کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا بەگێڕانەوە لەماڵپەڕی «ڕووسیا ئەلیەوم»ەوە، پەیامنێری ئەم کەناڵە ھەواڵدەرییە ڕایگەیاندووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا لە دوو نۆرەدا ناوچەی «تەل کۆچەر»یان لە نزیک سنووری سووریاو عێراق بۆردومان کردووە.

بە وتەی پەیامنێری ئەم کەناڵە ڕووسییە، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا وێستگەی کارەبای "دەغەل بەگاڵ"یان لە چیای قەرەچاک لە دەوروبەری شاری "ئەلمالکیە" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا کارەبای ئەم ناوچەیە پچڕاوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم بۆردومانە ناوچەکانی «ئەلشەهبا» لە گردوپەڕی ڕۆژهەڵاتی حەڵەب و «زەرکان» لە گردوپەڕی «تەل تەمەر»یشی کردووەتە ئامانج.

هەروەها ئاژانسی هەواڵدەریی «ھاوارنیوز»یش ھەر لەم چوارچێوەیەدا وای بڵاو کردووەتەوە که سوپای تورکیا ناوەندی شاری «کۆبانێ»ی بۆردومان کردووه .

بەگوێرەی ئەم ئاژانسە،گوندی «بیلونیە» سەر بەپارێزگای «ئەلشەهبا» و کۆشکەکانی «زەهرولعەرەب» لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی«زەرکان» لە پارێزگای «حەسەکە»ش لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردومان کراون.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، فڕۆکەشەڕکەرەکانی سوپای تورکیا گردوپەڕی قەزای "دێرک"ی سەر بە پارێزگای «قامیشلی»شیان بۆردومان کردووە.

لەم ناوەدا «فەرهاد شامی» بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە توییتێکدا نووسیویەتی: ئەو شارەی تاقمی تیرۆریستی داعشی تێکشکاند، لەلایەن چەکدارانی تورکیاوە بۆردومان کراوە.

چالاکوانان و میدیا کوردییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ھێندێک گرتەی ڤیدیۆیییان بڵاوکردۆتەوە کە بۆردومانی ئەم ناوچەیەی سوریا پشتڕاست دەکەنەوە.

هەروەها کەناڵی «ئەلمەیادین»یش لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، چەکدارانی تورکیا مۆڵگەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یان لە گردوپەڕی کۆبانێ لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج.

سەرپەیڤ